Mahmut Atanur
15 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 15 ئەیلوول 2020
جاکارتا - AA
زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە جاکارتای پایتەختی ئیندۆنێزیا، وای کرد دووبارە رێوشوێنەکانی خۆپارێزی دەست پێ بکەنەوە.
هەرچەندە لە پێنجی حوزەیرانەوە رێوشوێنەکانی خۆپارێزی لەو شارە لابراون، بەڵام لەمڕۆوە دەست بە پەیڕەوکردنی بەشێکی رێوشوێنەکان کرا و لەم چوارچێوەیەشدا بۆ ماوەی دوو هەفتە قوتابخانە، شوێنە گەشتیارییەکان، ناوەندەکانی کاتبەسەربردن، پارک و هۆڵە وەرزشییەکانی جاکارتا بەداخراوی دەمێننەوە.
هەروەها رێگە بە هیچ ئاهەنگ و گردبوونەوەیەک نادرێت.
کافتریا و رێستۆرانتەکان تەنها دەتوانن بەشێوەی دێلیڤەری کار بکەن، بازاڕ و مارکێتەکانیش بە لەسەدا ٥۰ی توانایانەوە خزمەتی کڕیاران دەکەن.
بەهەمان شێوە هۆکارەکانی گواستنەوە و پەرستگاکان بە سەدا ٥۰ی توانایانەوە خزمەت پێشکەش دەکەن.
لە لایەکی دیکەشەوە پارێزگاری جاکارتا، ئەنیس باسوەدان رایگەیاند کە لە ئەگەری بەردەوامی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنادا، رێوشوێنەکان تا ۱۱ی تشرینی یەکەم درێژ دەکرێنەوە.
تا ئێستا ٥٤ هەزار و ۲۲۰ حاڵەتی تووشبوون و هەزار و ۳۹۱ حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی کۆرۆنا لە شاری جاکارتا تۆمار کراون.