Islam Doğru
12 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 12 ئەیلوول 2021
نیویۆرک - AA
لە ئەمریکا، بە بەشداری کردنی سەرۆکی ئەو وڵاتە، جۆ بایدن رێوڕەسمێک بۆ یادکردنەوەی ٢٠ ساڵەی قوربانیانی ١١ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٠١ کە بە گەورەترین ھێرش تیرۆریستیی لە مێژووی وڵاتەکەدا دادەنرێت و گیانلەدەستدانی سێ ھەزار کەسی لێکەوتەوە، بەڕێوەچوو.
رێوڕەسمەکەی نیویۆرک، بە داگرتنی ئاڵاکانی بۆ نیوە لە مۆنۆمێنت و مۆزەخانەی نیشتمانیی ١١ی ئەیلوول کە لە شوێنی دوو تاوەرەکە درووستکراوە، دەستی پێکرد.
ھەریەک لە سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن و جێڵ بایدنی ھاوسەری و سەرۆکانی پێشووی دیموکراتەکان باراک ئۆباما و بیل کلنتن و ھاوسەرەکانیان ئامادەی رێورەسمەکە بوون.
سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا جۆرج دەبلیو بوش لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمریکا کامالا ھاریس لە ویلایەتی پنسلڤانیا بەشدارییان لە رێوڕەسمی یادکردنەوەکەدا کرد و ئەوەی جێگەی سەرنج بوو سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بەشداری لە ھیچ رێوڕەسمێکی یادکردنەوەدا نەکرد.
- یادی قوربانیانی ھێرشەکان کرا
کەسوکاری ئەوانەی لە ھێرشەکەدا گیانیان لەدەستدا، بەرپرسان و خەڵکی نیویۆرک لە ناوچەی "Ground Zero" لە نزیک دوو تاوەرەکە بە مەبەستی یادکردنەوەی قوربانیانی ھێرشە تیرۆریستەکە کۆبوونەوە.
رێوڕەسمەکە کە بەشێوەیەکی راستەوخۆ گوازرایەوە، بە وەستان بۆ گیانی قوربانیان دەستی پێکرد و ناوی یەکە یەکی قوربانییەکان لەلایەن خێزان و کەسوکاریانەوە خوێندرایەوە. بەشداربووان تاجە گوڵینەیان لەسەر مۆنۆمێنتی قوربانییەکان بەجێھێشت.