Dildar Baykan
01 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 01 تەمووز 2021
واشنتۆن-AA
به دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی دوو خوشك له‌ژێر داروپه‌ردووی ئه‌و باڵه‌خانه ١٣ نهۆمییه‌كه‌ی له ناوچه‌ی سێرفساید له شاری مه‌یامی سەربە ویلایه‌تی فلۆریدا باشووری رۆژهەڵاتی ئەمریکا به‌شێكی رووخابوو، تێكڕای ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی به‌هۆی داڕووخانی به‌شێكی باڵه‌خانه‌كه گیانیان له‌ده‌ستداوه گه‌یشته ١٨ كه‌س.
سه‌رۆكی شاره‌وانی مه‌یامی، دانیێڵا لێڤنی كاڤا به میدیاكارانی راگه‌یاند، كاره‌كانی گه‌ڕان و پشكنین به‌رده‌وامه و ته‌رمی لوكیا-ی ١٠ ساڵ و ئێما گوارا-ی چوار ساڵ كه خوشكی یه‌كترن له‌ژێر داروپه‌ردووی باڵه‌خانه‌كه‌دا دۆزراونه‌ته‌وه.
دانیێڵا لێڤنی كاڤا ئاماژه‌ی به‌وه دا کە هێشتا هه‌واڵی ١٤٥ كه‌سی دیكه نازاندرێت كه له‌وانه‌یه كه‌وتبنه ژێر داروپه‌ردووی باڵه‌خانه‌كه.
پێشتر له نووسینه‌كانی نێوان به‌رپرسانی ناوچه‌كه له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵه‌خانه‌كه‌دا له ٢٠١٨‌دا ئاماژه به‌وه دراوه كه پێكهاته‌ی باڵه‌خانه‌كه كه له ١٩٨١ دروستكراوه زیانی زۆری به‌ركه‌وتووه و نزیكه‌ی نۆ ملیۆن دۆلاری پێویسته بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه و چاككردنه‌وه‌ی درز و كه‌له‌به‌ره‌كانی باڵه‌خانه‌كه.
باڵهخانهکە كه نزیكه‌ی پێنج هه‌زار و ٦٠٠ كه‌سی له‌نێودا ده‌ژیا و له ٢٧٠ یه‌كه پێكهاتووه، له ٢٤ی حوزه‌یران له‌ناكاو به‌شێكی داڕووخا.