Abdullah Shukur
24 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 24 ئادار 2017
واشنتۆن - AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ریکس تیلەرسن، ھەفتەی رابردوو نووسراوێکی ئاراستەی گشت دامەزراوەکانی دیپلۆماتیکی ئەمریکا لە جیھان کردووە و داوای کردووە کە رێوشوێنی ئەمنی توند لە بەرامبەر پێدانی ڤیزەی ئەمریکا بگرنەبەر.
بەپێی ئەو ھەواڵەی کە لە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاوکراوەتەوە، تێدا ئەو بەڵگەنامە دیپلۆماتیکیە خراوەتەڕوو کە باس لە وردەکاری رێوشوێنی ئەمنی توند لەبارەی پێدانی ڤیزەی ئەمریکا دەکات.
لەوبارەیەوە لێکۆڵینەوە لە شوێنی گەشتکردنی ١٥ ساڵی رابردوو، ھەروەھا شوێنی مانەوە، ئەو شوێنانەی کاری تێداکردووە و ناونیشانی ئیمەیڵ و هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتی پێنج ساڵی رابردووی ئەو کەسانە دەکرێت لە داوای پێدانی ڤیزە دەکەن.
ھەروەھا لەبارەی ئەو ھاووڵاتیانەی ئێران، سووریا، لیبیا، یەمەن و سودان کە داوای ڤیزەی ئەمریکا دەکەن، لێکۆڵینەوە لە شوێنی مانەوەی ئەو کەسانە دەکرێت و پرسیار دەکرێت بەوەی کە ئایا پێستر چوونەتە ھیچ ناوچەیەکی ژێر کۆنترۆڵی داعش یان نا.
ھەروەھا لێکۆڵینەوە لە ھەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتی ئەو کەسانە دەکرێت بەوەی کە ئایا ھیچ پۆستێکی پەیوەندیدار بە رێکخراوەکانی تیرۆریستیان کردووە یان نا.
لە بەڵگەنامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە وڵاتی عێراق ناچێتە چوارچێوەی بڕیارنامەکەی ترەمپ، بەڵام ھەمان رێوشوێن بەرامبەر ئەو ھاووڵاتیانەی عێراق دەگیرێتەبەر کە پێشتر لە ناوچەکانی ژێر دەستی داعش دابوونە.