Rewa Mahmut Hasan
27 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 28 ئاب 2016
جنێڤ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جۆن کیری و وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ سەبارەت بە سووریا لە شاری جنێڤ کۆبوونەوە.
دواتر نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆکاروباری سووریا، ستافان دی میستورا بەشداری کرد لە کۆبوونەوەکەدا.
کیری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا ئاماژەی بەوەدا کە کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە و تاڕادەیەک لەگەڵ رووسیا گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر کۆکردنەوەی لایەنەکانی سووریا بۆ کۆتایی هێنان بەشەڕ و گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بۆ حەلەب و نوێکردنەوەی ئاگربەست، بەڵام پێویست بە هەندێک چارەسەریی تەکنیکی دەکات.
کیری ئاماژەی بەوەدا کە هەفتەی داهاتوو بۆ چارەسەریی وردەکاری تەکنیکی، پسپۆرانی ئەمریکی و رووسی لە جنێڤ کۆدەبنەوە و گوتی: "نزیکین لە رێککەوتن، بەڵام نامانەوێت رێککەوتنێک بکەین کە پێداویستیەکانی خەڵکی سووریا دابین ناکات ".
لای خۆیەوە سێرگی لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەدا کە گەیشتوونەتە رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا بەڵام هەندێک تایبەتمەندی ماوە و راشیگەیاند: "تا ئۆپۆزسیۆنی سووریا خۆیان بەدوور نەگرن لەگەڵ رێکخراوە تیرۆریستیەکان ئاگربەست نایەتە ئاراوە و ئاشکراشی کرد کە لەگەڵ ئەمریکا رێککەوتوون تاکو یارمەتیە مرۆییەکان بگەیەننە شوێنی پێویست لە سووریا".
لەبارەی ئۆپۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات کە سوپای تورکیا دەستیپێکردووە بۆ رزگارکردنی جەرابلوس لەدەست داعش و پاراستنی سنووری تورکیا لە هەر هەڕەشەیەک ،لاڤرۆڤ گوتی: "بەبێ رەزامەندی بەرپرسانی سووریا، چوونە ژوورەوە. ئیدارەی دیمەشق ئامادەیە لەگەڵ هەموولایەک هاریکاری بکات دژبە تیرۆر، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە رێگەیەک دیاری بکرێت کە کامیان رووبەڕووبوونەوەیەکی کاریگەر دەبێت".
کیری لەوەڵامی پرسیارێکدا لەسەرهەوڵەکان بۆ سەربەخۆیی کورد لە سووریا، گوتی: "ئێمە لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی سووریاداین پشتگیری لە هیچ هەوڵێکی کورد بۆ سەربەخۆیی ناکەین، لەگەڵ هەندێکیان هاریکاریەکی سنووردارمان هەیە لە هەستیاری تورکیای دۆستمان تێدەگەین".