Tuğçenur Akgün
28 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 28 شوبات 2023
نیویۆرک – AA
رێکخەری پەیوەندییە ستراتیجییەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، جۆن کێربی رایگەیاند، کۆبوونەوەی عەقەبە کە فەڵەستین و ئیسرائیل تیایدا بەشدارن دەسپێکێکی گرنگە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان لەنێوان فەڵەستین و ئیسرائیلدا.
جۆن کێربی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لەبارەی ئەو کۆبوونەوەیەی بە ئامادەبوونی لایەنی ئەمریکی، میسری و ئوردنی لە ٢٦ی شوبات لەنێوان فەڵەستین و ئیسرائیل لە شاری عەقەبە لە ئوردن ئەنجام درا، دوا.
رێکخەری پەیوەندییە ستراتیجییەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، جۆن کێربی بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی چەندین ساڵە کۆبوونەوەی لەم جۆرە لەنێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان ئەنجام نەدراوە، گوتی: "راگەیەندراوی عەقەبە بەڵێنەکانی هەردوولا لەخۆ دەگرێت بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان و رێگەگرتن لە توندوتیژییەکان. هەردوولا جەختیان لە بەردەوامی هەوڵەکانیان کردووەتەوە بۆ ئاشتییەکی یەکجارەکی و دادپەروەرانە. کۆبوونەوەکە دەسپێکێکی گرنگە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان".
جۆن کێربی لە بارەی رووداوەکانی کۆتایی هەفتە کە دوو ئیسرائیلی و یەک فەڵەستینی کوژران، ئاماژەی بە راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کرد و گوتی: "سەرکۆنەی هەر جۆرە توندوتیژییەک دەکەین".
رێکخەری پەیوەندییە ستراتیجییەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، جۆن کێربی پشتیوانی خۆی بۆ گوتەکانی سەرۆکی ئیسرائیل، ئیسحاق ھێرزۆگ و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو دەربڕی کە رایانگەیاندبوو "هاووڵاتییان ناتوانن یاسا بە دەستەوە بگرن و با لێ بگەڕێن یاسا کاری خۆی بکات"، گوتی: "رووداوەکان قبوڵکراو نین".
جۆن کێربی جەختی لەسەر پشتیوانی وڵاتەکەی کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگای دامەزراندنی دوو دەوڵەت و سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە زیادکردنی یەکە جوولەکەنشینەکان خزمەت بەم چارەسەرییە ناکات.