23 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 25 نیسان 2020
بەرلین - AA
راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ لە میانی گوتەیەکیدا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی باسی لەوە کرد کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) بە دۆخێکی نائاساییدا تێدەپەڕن.
ئەنگێلا مێرکڵ ئاماژەی بەوە دا کە هەرچەندە رێوشوێنەکانی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە ئاستەنگی لەبەردەم ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییاندا دروست کردووە، بەڵام هێشتا ئەڵمانیا نەگەیشتوەتە قۆناغی کۆتایی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) و ناچارن ماوەیەکی درێژ لەگەڵ ڤایرۆسەکەدا بژین.
راوێژکاری ئەڵمانیا باسیشی لە گرنگی هەوڵە جیهانییەکان کرد بۆ دۆزینەوەی پێکوتەی تایبەت بە کۆرۆنا و گوتی: "زانست هیچ ناسنامەیەکی نەتەوەیی نییە، بەڵکو بۆ خزمەتکردنی هەموو مرۆڤایەتییە، هەربۆیە ئەگەر پێکوتەیەک دۆزرایەوە پێویستە پێشکەش بە هەموو جیهان بکرێت و نرخەکەشی گونجاو بێت".
ئەنگێلا مێرکڵ داواشی لە وڵاتانی دیکەی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا کرد، لەم قۆناغەدا خۆڕاگربن و زیاتر هاوکاری یەکتر بکەن، ئاماژەی بەوەش دا کە بۆ ئاساییبوونەوەی رەوش لە هەموو وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا پێویستە بوودجەی یەکێتییەکە بەهێزتر بکرێت.