Hasan Esen,Muhammet Ali Kemal
20 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 23 تشرینی یەکەم 2017
برۆکسل - AA
راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ، وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە هیچ وڵاتێکی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا نایەوێت دانوستانەکانی بە ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتییەکە رابگیرێت، جەختی لەوەشکردەوە کە ئەو لایەنگری ئەنجامدانی گفتوگۆیە لەگەڵ ئەنقەرە.
ئەنگێلا مێرکڵ لەدوای تەواوبوونی یەکەم رۆژی لووتکەی سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا کە لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بەڕێوەدەچێت، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی سازکرد و ئاماژەی بەوەکرد لەسەر خواستی ئەڵمانیا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیادا لە کۆبوونەوەکاندا تاوتوێکردووە، راشیگەیاند: ''زۆرینەیەک نییە بە ئاراستەی دەستبەجێ کۆتاییهێنان بە دانوستانەکان''.
باسی لەوەشکرد هەستێکی گوماناوی لەئێستادا باڵی بەسەردا کێشاون و بە سەرکردەکانی یەکێتییشی ئەورووپاشی راگەیاندووە کە ئەو لایەنگری درێژەدان بە گفتوگۆیە لەگەڵ تورکیادا.
ئەنگێلا مێرکڵ تیشكی خستە سەر ئەوەی لەکۆبوونەوەکاندا باسیان لە نیگەرانییەکانی تورکیا کردووە و رایگەیاند: ''بەڵام ئەگەر بێت و بێینە سەر ئەنجامی کۆتایی، خواستێکی گشتیی بۆ نەوەستاندنی دانوستانەکان هەیە. دوای ئەوەمان لە کۆمیسیۆن کرد پرۆژە و پێشنیار سەبارەت بەوە ئامادە بکەن کە بەچ شێوەیەک دەتوانین هاوکارییە داراییەکان ببڕین یان دووبارە رێکیبخەینەوە لەبەرامبەر تورکیادا لە ئەندامێتیی یەکێتییەکەدا. بەڵام هەنگاوی داهاتوو پێویستە کەوتنە گفتوگۆ بێت لەگەڵ تورکیادا''.
مێرکڵ گوتیشی: ''ئەمشەو هەموو نیگەرانییەکانم باسکرد. بەڵام هاوکات ئەوەشم باسکرد کە خوازیاری ئەوەم لەسەر هەڵوێستێکی هاوبەش رێکبکەوین. ئەمشەو هیچ کەسێک لایەنگری وەستاندنی دانوستانەکان نەبوو''.
مێرکڵ لە خواستی بۆ پچڕاندن و راگرتنی دانوستانەکاندا تەنها بەلجیکا و هۆڵەندا پیشوازییان لە خواستی ناوبراو بۆ ئەنجامدانی بڕین لە هاوکارییە داراییەکانی کە پێشکەشی تورکیا دەکرێن پێش بەئەندامبوون، کرد.