هه‌ولێر-AA
به‌رپرسی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت ئه‌گه‌ر به‌غدا وه‌كو پاشكۆ سه‌یری كورد و مامه‌ڵه‌ی زۆرینه و كه‌مینه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌رێم به‌رده‌وام ببێت ئه‌وا هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراق بایكۆت ده‌كه‌ن. خه‌سره‌و گۆران له هه‌فپه‌یڤینێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئانادۆڵو پێشبینییه‌كانی ده‌زگاكه‌یان له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌كانی هه‌رێمه‌وه ده‌خاته روو و ده‌ڵێت "پارتی 40 له‌سه‌دی ده‌نگه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ده‌ست ده‌هێنێته‌وه، گۆڕانیش ئه‌و 24 كورسییه‌ی ئێستای ناهێنێته‌وه".
خه‌سرەو گۆران ده‌ڵێت "ئه‌مساڵ گشتپرسی ئه‌نجام ده‌درێت و هه‌ڵبژاردنیش پێویستی به كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان نابێت".
- "ئه‌گه‌ر وه‌كو پاشكۆ سه‌یری كورد بكرێت بایكۆتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ده‌كه‌ین"
ئاژانسی ئانادۆڵو: تێڕوانینتان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق چییه؟
خه‌سره‌و گۆران: "پێموایه هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق زه‌حمه‌ته له مانگی ئه‌یلوولی ئه‌مساڵدا ئه‌نجام بدرێت، ئه‌وه‌ش به هۆی بارودۆخی ئه‌منی خراپ له عێراق به تایبه‌ت له پارێزگای نه‌ینه‌وا و چه‌ند پارێزگایه‌كی دیكه، هه‌روه‌ها بوونی ئاواره‌یه‌كی زۆری عێراقی له هه‌رێمی كوردستان و له به‌غدا و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌كانی خۆیان، بۆیه به زه‌حمه‌تی ده‌بینم له‌مساڵدا له عێراق هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت، ره‌نگه له ساڵی 2018دا له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پێكه‌وه هه‌ردوو هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت. راسته حكوومه‌تی عێراق داوای له كۆمیسیۆن كردووه ئاماده‌بێت بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن، جارێ ئه‌و كۆمیسیۆنه‌ی هه‌یه واده‌ی یاسایی ستافه‌كه‌ی كۆتایی پێدێت، تا ستافێكی دیكه بۆ كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌ڵده‌بژێردرێت، تا ده‌ستبه‌كارده‌بن و مه‌شق و راهێنانییان پێ ده‌كرێت، ئینجا له‌دوای ئه‌وه پێویستی به شه‌ش مانگ هه‌یه، ئێستا ئێمه له مانگی نیسانیین، ماوه‌یه‌كی كورتی ماوه بۆ مانگی ئهیلوول، ئێمه‌ش وه‌كو توركیا و وڵاتانی دیكه نیین بڵیین له هه‌ر كاتێك بێت ئاماده‌ی هه‌ڵبژاردن ببین، چونكه ئه‌و ئه‌زموون و تۆماری ده‌نگده‌ران و ئامارانه‌مان نییه كه پێویستن بۆ هه‌ڵبژاردن، بۆیه زه‌حمه‌ته ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردن بكرێت".
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئایا ئه‌گه‌ری به‌شداری نه‌كردنی پارتی دیموكراتی كوردستان له هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقدا هەیە و، ئایا ئه‌م ئه‌گه‌ره هێشتا كراوه‌یه؟، به‌شداریكردن یان نه‌كردنی پارتی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراق به چییه‌وه بهستراوتەوه؟ له‌م هه‌نگاوه‌دا پارتی به ته‌نهایه یان لایه‌نی دیكه‌ی كوردستانیشی له‌گه‌ڵدایه؟
خه‌سره‌و گۆران: "عێراقی نوێی دوای ساڵی 2003 له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌راكه‌ت و ته‌وافوق و لێكتێگه‌یشتن و ده‌ستوورێك دامه‌زرا، له‌سه‌ر بنه‌مای زۆرینه و كه‌مینه‌ی په‌رله‌مانی دانه‌مه‌زراوه، بۆیه ئه‌گه‌ر بێت و لایه‌نه سیاسییه‌كانی دیكه‌ی عێراق له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان به پڕنسیپی زۆرینه و كه‌مینه مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ بكه‌ن و، وه‌كو هاوبه‌ش مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ نه‌كه‌ن، به‌ڵكو وه‌كو پاشكۆ مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ بكه‌ن، به‌ڵێ ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئایندهی عێراقدا به‌شداریی نه‌كه‌ین. بۆیه به‌شداریی كردن یان نه‌كردنمان له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراق به‌نده به گۆڕینی سیاسه‌ته‌كانی عێراق به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان، ناكرێت ئه‌و یاسایانه‌ی كه چاره‌نووسسازن وه‌كو حه‌شدی شه‌عبی، بوودجه، نه‌وت، به زۆرینه و كه‌مینه تێپه‌ڕێندرێن، كۆمه‌ڵێك شت هه‌یه ده‌بێت ته‌وافوقی سیاسی له‌سه‌ر بێت پێش وهختە، ئینجا له په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگی بۆ بدرێت، ئه‌گه‌ر به لۆجیكی زۆرینه و كه‌مینه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كورد بكرێت، ئه‌وا هیچ جارێك كورد ناتوانێت هیچ یاسایه‌ك رابگرێت یان ده‌ریبكات یان هیچ بڕیارێك ده‌ربكات، چونكه ئێمه رێژه‌ی 20 له‌سه‌دی په‌رله‌مانی عێراق پێكده‌هێنین".
ئاژانسی ئانادۆڵو: بۆ ئه‌م بایكۆته‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌گه‌ر بكرێت، پارتی به ته‌نها به‌شداری ناكات یان پارت و لایه‌نه كوردستانییه‌كانی دیكه‌شتان له‌گه‌ڵدایه؟
خه‌سره‌و گۆران: "جارێ هیچ بڕیارێك نه‌دراوه كه بایكۆتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بكه‌ین، به‌ڵام ده‌ڵێین ئه‌گه‌رێكی وایه هه‌یه ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی عێراق ره‌چاوی مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان نه‌كات و سیسته‌می په‌رله‌مانی بكاته سیسته‌می زۆرینه و كه‌مینه ئه‌وا پێشبینی ده‌كه‌م لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش هه‌مان هه‌ڵوێستی پارتییان هه‌بێت، هه‌ندێك هه‌ڵوێست هه‌یه ئێستا راناگه‌یه‌نرێت، به‌ڵكو هه‌مان رۆژ ده‌رده‌كه‌وێت، به نموونه له مه‌سه‌له‌ی ئاڵای كوردستان له كه‌ركووك هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌كان پێش وه‌خت دیار نه‌بوو به‌ڵام هه‌مان رۆژ هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌كان دیار بوو، بۆ مه‌سه‌له‌ی حه‌شدی شه‌عبی له په‌رله‌مان به نموونه ته‌نها پارتی نه‌بوو ده‌رچوون، له‌گه‌ڵ پارتی چه‌ند لایه‌نێكی دیكه‌ی كوردستانیش هه‌بوون له كاتی ده‌نگدان ده‌رچوونه ده‌ره‌وه. من له جیاتی لایه‌نه‌كانی دیكه قسه ناكه‌م، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پارتی به ته‌نهاش بێت ئه‌گه‌ر فشاری زیاتر بخرێته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ئه‌وا ده‌توانم بڵێم به‌ڵێ ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه به‌شداریی له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا نه‌كه‌ین، راستیی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌مێنێته‌وه بارودۆخه‌كه چی لێ دێت، دوای نه‌مانی داعش له مووسڵ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر ده‌گاته چی ئاستێك، كێشه‌كان چی‌یان لێ دێت".
- "ساخته‌كاری له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان له جاران سه‌ختتر ده‌بێت"
ئاژانسی ئانادۆڵو: پێشبینیتان چییه بۆ نه‌خشه‌ی داهاتووی هێزه سیاسییه‌كان له په‌رله‌مانی عێراق و هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئاینده به شێوه‌یه‌كی گشتی؟
خه‌سره‌و گۆران: "عێراق وڵاتی پێكهاته‌كانه، ده‌وڵه‌تی هاووڵاتیبوون نییه وه‌كو ئه‌مریكا و شوێنی دیكه، لێره ئاسته‌مه ده‌نگده‌رێكی شیعە ده‌نگ به لایه‌نێكی سوننە بدات، زۆر زه‌حمه‌ته ده‌نگده‌رێكی سوننه‌ی عه‌ره‌ب ده‌نگ به لایه‌نێكی كوردی بدات، هه‌روه‌ها پێچه‌وانه‌شی راسته، بۆیه ده‌نگی پێكهاته‌كان جێگیره. كورد نزیكه‌ی له هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كان رێژه‌ی 20 له‌سه‌دی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست ده‌هێنن، شیعه‌كانیش هه‌مان شت رێژه‌ی 50 له‌سه‌دی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست ده‌هێنن، به‌ڵام ئیدی حزبهكانییان ده‌مێنێته‌وه هه‌ریه‌كه و چه‌ند ده‌هێنن، بۆ سوننه‌كانیش ئه‌مه هه‌مان شته. هه‌رچی په‌یوه‌ندیی به حزبه سیاسییه‌كانی كوردستانه‌وه هه‌یه، ئه‌وا بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستان به‌وه ناسراوه كه ده‌نگده‌ری ئه‌م حزبه له هه‌موو حزبه‌كانی دیكه جێگیرتره، واته ده‌نگده‌ری پارتی به ئاسانی حزبه‌كه‌ی خۆی به‌جێ ناهێڵێت، بۆیه ده‌نگه‌كانمان جێگیره و پێشبینی ده‌كه‌ین له‌و رێژه ده‌نگه‌ی پێشتر له هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوو هه‌مان بووه له داهاتووشدا كه‌متر نابێت، بۆیه پێشبینی ده‌كه‌ین هه‌مان ئه‌و كورسییانه‌ی ئێستا به‌ده‌ست بهێنینه‌وه".
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی ساخته‌كاری له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراق چه‌نده؟
خه‌سره‌و گۆران: "ئێستا تۆماركردنی بایۆمه‌تری هه‌یه، كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق چه‌ند مانگێكه سه‌رقاڵی ئه‌وه‌یه كه ئه‌و پڕۆسه‌یه ئه‌نجام بدات، له‌م میكانیزمه مۆری هه‌ر ده په‌نجه وه‌رده‌گیرێت، هه‌روه‌ها هی چاو و وێنه‌ش ده‌خرێته سیسته‌مه‌وه، بۆیه مه‌سه‌له‌ی ساخته‌كاری له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا سه‌ختتر ده‌بێت له جاران، ئومێده‌واریشین ساخته‌كاری نه‌كرێت، چونكه به ساخته‌كاری هیچ شتێك چاره‌سه‌ر ناكرێت، له‌و تۆماره بایۆمه‌ترییه‌ی كه كۆمیسیۆن ده‌یكات ئه‌و ناوانه‌ی دووباره‌یه یان زیاده لاده‌برێن".
ئاژانسی ئانادۆڵو: هیچ ئاماده‌كارییه‌كتان ده‌ستپێكردووه بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق؟
خه‌سره‌و گۆران: "ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی مه‌كته‌بێكی باڵای ئه‌م حزبه‌یه و به‌رپرسه له هه‌ڵبژاردنه‌كان كه ئه‌م حزبه به‌شدارییان تێداده‌كات، بۆیه هه‌رده‌م ئاماده‌بێت بۆ هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك، هه‌ركاتێك رابگه‌یه‌نرێت كه هه‌ڵبژاردن له‌و مانگه ده‌كرێت ئه‌وا كار و ئاماده‌كارییه‌كانمان چڕتردهكهینهوه".
- "پارتی 38 كورسی و زیاتر به‌ده‌ست ده‌هێنێته‌وه و گۆڕان كه‌متر له ئێستا، ده‌نگی یه‌كێتی زیاد ده‌كات، كورسیی ئیسلامییه‌كانیش ناگۆڕێت"
ئاژانسی ئانادۆڵو: مانگی یانزه‌ی ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كرێت؟
خه‌سره‌و گۆران: "راسته مانگی تشرینی دووه‌می ئه‌مساڵ ئه‌و په‌رله‌مانه‌ی هه‌یه شه‌رعییه‌تی نامێنێت، بۆیه ئومێده‌وارم تا ئه‌و كاته بڕیار له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش بدرێت. ئێمه وه‌كو پارتی ئومێده‌وارین هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له كاتی خۆیدا بكرێت و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین دوانه‌كه‌وێت و دوانه‌خرێت، به‌ڵام چه‌پڵه به‌ده‌ستێك لێ نادرێت، پارتی به ته‌نها ناتوانێت بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و پرسه بدات، ده‌بێت لایه‌نه سیاسییه‌كانی دیكه‌ش كۆك بن له‌سه‌ر ئه‌وه".
ئاژانسی ئانادۆڵو: هه‌ڵبژاردن به‌بێ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌كرێت؟
خه‌سره‌و گۆران: "ده‌كرێت به‌ڵێ، ئەڵڵاهومە ئه‌گه‌ر بڕیار بدرێت یاساكه بگۆڕدرێت، ئه‌وه ده‌بێت په‌رله‌مان كۆببێته‌وه و یاساكه بگۆڕێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر هه‌مان یاسای كۆن بڕوات ئه‌وا ده‌كرێت به‌بێ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانیش هه‌ڵبژاردن بكرێت، ده‌كرێت سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم مه‌رسومێك ده‌ربكات بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن".
ئاژانسی ئانادۆڵو: پێشبینی ناكه‌ن كێشه دروست ببێت به تایبه‌ت بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان باوه‌ڕی به‌و مه‌رسومه نییه له‌به‌ر واده‌ی یاسایی سه‌رۆكی هه‌رێم؟
خه‌سره‌و گۆران: "هه‌موو لایه‌ك ده‌ڵێن ئێمه ئاماده‌ی ههڵبژاردنیین و خۆمانی بۆ ئاماده‌ده‌كه‌ین، ئومێده‌وارین وابێت و تا ئه‌و كاته لایه‌نه سیاسییه‌كان نزیك ببنه‌وه له یه‌كتر و بڕیاری له‌سه‌ر بده‌ن. ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ده‌كرێت، به‌ڵام هێشتا كاته‌كه‌ی دیار نییه، راپرسیش هه‌ر ئه‌مساڵ ده‌كرێت، پێشبینی ده‌كه‌ین راپرسیش له پاییز بكرێت، چونكه ئاماده‌كاریی ده‌وێت".
ئاژانسی ئانادۆڵو: به‌پێی یاسا سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان، مه‌سعود بارزانی ناتوانێت خۆی هه‌ڵبژێرێته‌وه، پارتی كاندیدی له بری كاك مه‌سعود هه‌یه؟
خه‌سره‌و گۆران: "پارتی ئه‌گه‌ر گه‌یشته ئه‌و قۆناغه قسه‌ی خۆی ده‌بێت، ئومێده‌وارین جارێك بگه‌ین به رێككه‌وتن و ئینجا باس له‌و مه‌سه‌لانه بكه‌ین، ئێمه بڕیار بوو ده‌ستوورێكمان هه‌بێت و لێژنه‌یه‌كی 21 كه‌سی پێكهێنرا، له‌و ده‌ستووره جێگیری بكه‌ین هه‌ڵبژاردنه‌كان چۆن ده‌كرێت و سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ناو په‌رله‌مان یان له ده‌ره‌وه‌ی هه‌ڵده‌بژێردرێت، به‌ڵام دواتر نه‌گه‌یشتینه ئه‌نجام، ئومێده‌وارین ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی ئێستا پارتی و یه‌كێتی ده‌یهاوێژین بگاته ئه‌نجامێك بۆ ئه‌وه‌ی بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له هه‌ڵپه‌سێردراوانه بكرێت كه كێشه‌یان له‌سه‌ره".
ئاژانسی ئانادۆڵۆ: پارتی باسی له به‌دیلی كاك مه‌سعود كردووه؟
خه‌سره‌و گۆران: "نه‌خێر، هێشتا باسمان نه‌كردووه و هێشتا هیچ به‌دیلێك بۆ جه‌نابی كاك مه‌سعود بارزانی نییه".
ئاژانسی ئانادۆڵۆ: پێشبینیتان بۆ ده‌نگی لایه‌نه‌كانی كوردستان له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان چۆنه؟ ئێوه كورسییه‌كانتان چیان لێ دێت؟ ئه‌ی هی لایه‌نه‌كانی دیكه؟
خه‌سره‌و گۆران: "پێشتریش ئاماژه‌م بۆ دا كه پارتی زیاتر له هه‌موو حزبه‌كانی دیكه ده‌نگده‌ره‌كانی جێگیرترن، به حوكمی سروشتی حزبه‌كه و هه‌یكه‌لییه‌ت و مێژوو و رێبازی حزبه‌كه و په‌یوه‌ستبوونی ئه‌ندامی پێوه‌ی، بۆیه وه‌كو پارتی ئێمه پێشبینی ئه‌وه ده‌كه‌ین 38 كورسی و بۆ سه‌ره‌وه ده‌هێنین، واته پێشبینی ده‌كه‌ین 40 له‌سه‌دی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بهێنین.
هه‌رچی په‌یوه‌ندیی به گۆڕانه‌وه هه‌یه باوه‌ڕناكه‌م ده‌نگه‌كانی پێشوویان به ده‌ست بهێننه‌وه، واته گۆڕان 24 كورسی به ده‌ست ناهێنێته‌وه، به‌ڵام ئیتر رووداوه‌كان دیاریی ده‌كه‌ن، ئایا هه‌ڵبژاردن به ته‌نها له سێ پارێزگاكه‌ی هه‌رێم ده‌كرێت یان، كه‌ركووكیش ده‌كرێت یان نا، چونكه له شوێنێك بۆ شوێنێكی تر ده‌گۆڕێت، ئه‌وا شتی تر دیاریی ده‌كات، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌یه كه بۆچی ده‌نگه‌كانی گۆڕان كه‌م ده‌كه‌ن ئه‌وه‌یه گۆڕان له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنیدا به‌ڵێنێكی زۆری دا و ئه‌و به‌ڵێنانه نه‌هاتنه دی، ئیدی خه‌ڵك بێ ئومێد بوو له گۆڕان، هه‌روه‌ها خه‌ڵك له‌گه‌ڵ ئاژاوه و تێكدان و هه‌ڵا و بایكۆت نییه، خه‌ڵك ژیانێكی سه‌قامگیر و ئارامی ده‌وێت، جگه له‌وه‌ش خه‌ڵكیش بینی كه گۆڕان جیاوازیی نییه له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی دیكه، گۆڕانیش وه‌كو یه‌كێتی و پارتی له ده‌سه‌ڵات بوون و هیچیان نه‌گۆڕی چی له به‌غدا بێت یان له هه‌رێم و هیچ گۆڕانكارییه‌كیان نه‌كرد، به پێچه‌وانه‌وه بارودۆخه‌كه زۆر خراپتر بوو".
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئه‌و ده‌نگانه‌ی گۆڕان له هه‌ڵبژاردنی داهاتوو بۆ كێ ده‌چێت؟
خه‌سره‌و گۆڕان: "گۆڕان به‌شێك بوو له یه‌كێتی، تا ساڵی 2009 گۆڕان به‌شێك بوو له یه‌كێتی، دواتر كه جیابوونه‌وه به‌شێكی زۆری یه‌كێتی به‌ره‌و گۆڕان چوون، بۆیه چوون و هاتنی نێوان گۆڕان و یه‌كێتی روون نییه، به‌ڵام پێشبینی ده‌كه‌ین خه‌ڵكێكی زۆر له بنكه‌ی گۆڕان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ناو یه‌كێتی، به پێشبینی من به‌شێكی ده‌نگده‌رانی گۆڕان له هه‌ڵبژاردنی ئاینده ده‌نگ به یه‌كێتی ده‌ده‌ن".
ئاژانسی ئانادۆڵو: لایه‌نه ئیسلامییه‌كان باس و خواسی یهكگرتنییان گه‌رم كردووه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌وان به یه‌ك لیست به‌شداریی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی هه‌رێم بكه‌ن، ده‌نگ و كورسیی زیاتر له پێشوو به‌ده‌ست ناهێنن؟
خه‌سره‌و گۆران: "ئه‌و بیرۆكه‌یه‌یان كۆنه، زۆریش ئاساییه یه‌ك بگرین، ده‌نگه‌كانییان كۆده‌بنه‌وه به ته‌نها، ئه‌گه‌ر نا باوهڕناكهیین كورسییه‌كانییان زۆر له‌وه‌ی ئێستا جیاوازبێت، به‌ڵكو به ته‌نها كورسییه‌كان ده‌كه‌ن به یه‌ك لیست".
- "گشتپرسی بۆ سه‌ربه‌خۆییه"
ئاژانسی ئانادۆڵو: له‌باره‌ی گشتپرسییه‌وه پرسیاری ئه‌وه ده‌كه‌ین، حكوومه‌تی عێراق رایگه‌یاند ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان ئه‌و پڕۆسه‌یه ئه‌نجام بدات، نابێت له كه‌ركووك و ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان بێت، بۆچوونی پارتی له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه چییه؟
خه‌سره‌و گۆران: "جارێ كه‌ركووك و ناوچه‌كانی دیكه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان مادده‌ی 140 ده‌یانگرێته‌وه و ناوچه‌یه‌كن كێشه‌یان له‌سه‌ره، بۆیه به پێی ده‌ستوور عێراق چه‌ند مافی له‌و شوێنانه هه‌یه، هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌وه‌نده مافی هه‌یه، بۆیه ئومێده‌وارم تا كاتی گشتپرسییه‌كه ئه‌و كێشانه‌ی هه‌ڵپه‌سێردراون له‌و ناوچانه‌ی په‌یوه‌ستن به مادده‌ی 140 چاره‌سه‌ر بكرێن، شاندی كوردیش به ئاشكرا ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی له‌گه‌ڵ به‌غدا باسكردووه كه چوون بۆ به‌غدا، بۆ ئه‌وه‌ی ریفراندۆم له‌و ناوچانه‌ش بكرێت ده‌بێت له‌گه‌ڵ به‌غدا رێكبكه‌وین و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین، چونكه به پێی ده‌ستوور خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه ده‌بێت بڕیار له‌سه‌ر ئایندهی خۆیان بده‌ن، ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك و پارێزگاری كه‌ركووكیش داوای ئه‌نجامدانی راپرسییان له كه‌ركووك كردووه".
ئاژانسی ئانادۆڵو: ره‌خنه له پارتی دیموكراتی كوردستان به پله‌ی یه‌كه‌م ده‌گیرێت له‌وه‌ی کە ده‌ڵێت گشتپرسی ده‌كرێت، به‌ڵام مه‌رج نییه دوای ئه‌و یه‌كسه‌ر سه‌ربه‌خۆیی رابگه‌یه‌نرێت، ئه‌ی ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌وه نه‌بێت بۆ چییه؟
خه‌سره‌و گۆران: "گشتپرسی حه‌تمه‌ن بۆ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆییه، ئامانجی گشتپرسی ئه‌وه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یڵێین ئه‌وه‌یه مه‌رج نییه له كاتی گشتپرسییه‌كه سه‌ربه‌خۆیی رابگه‌یه‌نین، ته‌نها ئه‌گه‌ر شتێكی دیكه له مامه‌ڵه له‌نێوان به‌غدا و هه‌رێم بێته پێش، ئه‌گه‌ر نا گشتپرسی بۆ سه‌ربه‌خۆییه".
ئاژانسی ئانادۆڵو: ده‌گوترێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان لایه‌نه‌كان په‌یامه‌كه‌ی بارزانی-یان وه‌لاوه ناوه، ئه‌و كێشانه‌ی هه‌ن كه‌ی چاره‌سه‌ر ده‌بن؟
خه‌سره‌و گۆران: "نه‌خێر، جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی سووره له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و قه‌ناعه‌تی به په‌یامه‌كه‌ی خۆی هه‌یه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پارتی له‌گه‌ڵ لایه‌نی هه‌ره مێژوویی كه مه‌به‌ستم یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه چه‌ندین دانیشتنی سازكردووه، دواین جار له مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی به ئاماده‌بوونی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی كۆبوونه‌وه ئه‌نجامدرا و بڕیاردراوه چه‌ند لێژنه‌یه‌ك دروست بێت، لێژنه‌یه‌ك بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان و لێژنه‌یه‌كی باڵا بۆ ریفراندۆم، ئومێده‌وارین به زووترین كات ئه‌و لێژنانه ئه‌نجامی هه‌بێت، بڕیاره لێژنه‌یه‌كی هاوبه‌شی یه‌كێتی و پارتی سه‌ردانی لایه‌نه‌كان بكه‌ن و پێشتریش سه‌ردانی چه‌ندین لایه‌نییان كردووه".
ئاژانسی ئانادۆڵو: خه‌ڵك له‌م كۆبوونه‌وانه‌ی حزبه‌كان ته‌واو بێزاربووه، ئێوه كۆبوونه‌وه‌یه‌كی زۆر ده‌كه‌ن، به‌ڵام ناگه‌ن به چاره‌سه‌ر، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت پێش هه‌ڵبژاردن بگه‌نه رێككه‌وتن؟
خه‌سره‌و گۆران: "راسته خه‌ڵكه‌كه بێزاره و ئێمه‌ش بێزارین، به‌ڵام له كون فه‌یه‌كونێكدا شت نابێت، به قۆناغ ده‌كرێت، كێشه‌كه ئاڵۆزه، ئومێده‌وارین له‌گه‌ڵ گۆڕانیش به‌منزیكانه بگه‌ینه ئه‌نجامێك، مه‌رج نییه بگه‌ینه رێككه‌وتن له‌نێوانی خۆماندا، به‌ڵام گرنگه بگه‌ینه رێككه‌وتن بۆ جوڵانه‌وه و هه‌نگاوی ئاینده، به نموونه بگه‌ینه رێككه‌وتن بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن، بۆ دیاریكردنی واده‌كان، مه‌رج نییه بگه‌ین به رێككه‌وتنی ستراتیجی".
ئاژانسی ئانادۆڵو: "قسه هه‌یه نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌فته‌ی داهاتوو بگه‌ڕێته‌وه، ئه‌مه هیچ له هاوكێشه‌كان ده‌گۆڕێت؟
خه‌سره‌و گۆران: "من هیچ ئاگاداری ئه‌و هه‌واڵه نییم، به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا چی له له‌نده‌ن بێت یان تاران، یان ئه‌نقه‌ره یان سلێمانی شتێكی ئه‌وتۆ ناگۆڕێت، ئێمه له سه‌رده‌مێك ده‌ژیین هه‌موو شت ده‌كرێت بێ ئه‌وه‌ی لێره‌ش بێت، به‌ڵام ره‌نگه بوونی ئه‌و لێره شته‌كان خێرا بكات".
- "سه‌قامگیری وڵاتانی دراوسێ بۆ هه‌رێمی كوردستان چاره‌نووسسازه"
ئاژانسی ئانادۆڵو: "ده‌نگی به‌ڵێ له ریفراندۆمه‌كه‌ی توركیا له نه‌خێر زیاتر بوو و به‌ڵێ سه‌ركه‌وت، ئه‌مه چی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌یه؟
خه‌سره‌و گۆران: "كاریگه‌ریی زۆری له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت، سه‌قامگیری و ئاشتی و بارودۆخی ئاسایی له توركیا چه‌ند به‌هێز بێت ئابووری و بارودۆخی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان به‌هێز ده‌بێت، بۆیه سه‌قامگیری له وڵاتانی دراوسێی هه‌رێمی كوردستان به تایبه‌ت توركیا زۆر چاره‌نووسسازه بۆ هه‌رێمی كوردستان".
ئاژانسی ئانادۆڵو: وه‌كو تۆ ئاگاداربیت كاك مه‌سعود بارزانی هیچ نیازێكی هه‌یه بۆ نێوه‌ندگیری له توركیا تا پرۆسه‌ی ئاشتی نێوان حكوومه‌ت و په‌كه‌كه ده‌ست پێ بكاته‌وه؟
خه‌سره‌و گۆران: "به‌ڕێز سه‌رۆك بارزانی نه‌وه‌ك ئێستا، له مێژه خه‌ریكی ئه‌وه‌بووه ئاشتییه‌ك له توركیا به‌رپا ببێت له نێوان حكوومه‌ت و په‌كه‌كه، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌یه‌ك سه‌قامگیر بوو، دواتر دۆخه‌كه تێكچوو و به‌ره‌و ئاڵۆزی چوو، هه‌رچی كاتێك پێویست بكات سه‌رۆك بارزانی ئاماده‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئاشتی سازبكاتهوه، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ردانی ئهمدواییهشی بۆ توركیا سه‌رۆك بارزانی باسی گرتنی ئه‌ندام په‌رله‌مان و سه‌ركرده‌كانی دیكه‌ش له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته كردووه".
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئاك پارتی له به‌شێكی زۆری ناوچه كوردییه‌كان ده‌نگێكی زۆری به‌ڵێی به‌ده‌ستهێناوه، ئه‌مه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ئاشتی ده‌بێت؟
خه‌سره‌و گۆران: "بێ گومان كاریگه‌ریی ده‌بێت، ئاك پارتی ده‌نگێكی زۆری له ناوچه كوردییه‌كان به‌ده‌ست هێنا، نزیكه‌ی نیوه‌ی پارێزگا كوردییه‌كان ده‌نگیان بۆ ئاك پارتی بوو. له مێژه ئاك پارتی له‌و ناوچانه بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری خۆی هه‌یه، چونكه حزبێكی ئیسلامییه، كورد و تورك موسوڵمانن، به بۆچوونی ئێمه ئه‌م ده‌نگدانه‌ی به‌شێكی كورد بۆ ئاك پارتی به به‌ڵێ بێ گومان كاریگه‌ریی ده‌بێت له كردنه‌وه‌ی ئومێد بۆ دووباره ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی ئاشتی".
news_share_descriptionsubscription_contact

