Dildar Baykan Atalay
16 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 17 کانوونی یەکەم 2022
واشنتۆن-AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن داوای لە یەکێتی ئەفریقا کرد کە وەکو ئەندامی هەمیشەیی بەشداربن لە گرووپی G20 .
جۆ بایدن، لە کۆتا رۆژی لووتکەی سەرکردەکانی ئەمریکا-ئەفریقا بەشداری لە دانیشتنێک کرد و گوتارێکی پێشکەش کرد.
ئاماژەی بەوە کرد سەرۆکی کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی بەهۆی ئەو لافاوەی لە وڵاتەکەی روویداوە نەیتوانیوه لە ئاهەنگی پێشوازییەکەی دوێنێ ئێوارەی کۆشکی سپی ئامادەبێت و پرسەی ئاراستەی ئەوانە کرد کە لە کارەساتەکەدا گیانیان لەدەستداوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاشكراشیكرد، سەرکردایەتی و نوێبوونەوەی ئەفریقا گرنگییەکەی گەورەوی بۆ چارەسەرکردنی کێشە جیهانییەکان هەیە و گوتی: "دەبێت ئەفریقا لە هەر ژوور و لەسەر هەر مێزێک ئامادە بێت کە باسی پرسە جیهانییەکانی تێدا دەکرێت. لەبەر ئەم هۆکارەش مانگی ئەیلوول لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان داوای ئەوەم کرد کە ریفۆرمێک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەنجامبدرێت بە شێوەیەک کە نوێنەرانی ئەفریقاش بگرێتەوە. ئەمڕۆش بانگەوازی ئەوە دەکەم کە یەکێتی ئەفریقا وەکو ئەندامی هەمیشەیی لە گرووپی G20 بەشداربن".
جۆ بایدن باسی لەوەش کرد کە جیهان بەهۆی چەندین پرسەوە و لە سەرووی هەموویانەوە ڤایرۆسی کۆرۆنا و جەنگی ئۆکراینا لە نێو قەیراندایە و گوتی: "لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا، لە نزیکەوە لەگەڵ وڵاتانی ئەفریقا و کۆنگرێس کاردەکەین. بیر لەوە دەکەینەوە بۆ پاڵپشتیی پێشینەکانی دوو هەزار و ٦٣ ئاژانسی ئەفریقا، بڕی ٥٥ ملیار دۆلار بۆ ئەفریقا تەرخان بکەین".
بایدن ئاشکراشیکرد لە چوارچێوەی قۆناغی راگوزهری دیموکراتیی سیاسی ٧٥ ملیار دۆلار وەبەرهێنان بۆ دیموکراسی له وڵاتانی ئەفریقا دەکەن و جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا لە هەر بوارێکدا لە پاڵ ئەفریقادایە.
- لووتکەی سەرکردەکانی ئەمریکا-ئەفریقا
ئیدارەی بایدن هەوڵ دەدات سەرلەنوێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ کیشوەری ئەفریقا زیندوو بکاتەوە کە چین، رووسیا، ژاپۆن و تورکیا لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا پەیوەندییە سیاسی، سەربازی و بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئەو کیشوەرە قووڵ کردووەتەوە. لووتکەی ئەمریکا-ئەفریقا کە سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، باراک ئۆباما لە ساڵی ٢٠١٤دا یەکەم لووتکەی بەڕێوەبرد، دوای هەشت ساڵ دووەم لووتکەی بەڕێوەدەچێت.
لوتکەکە کە بە ئامادەبوونی نزیکەی ٥٠ سەرکردەی ئەفریقی بە میوانداریکردنی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بڵینکن بەڕێوەدەچێت، لە ١٣ی کانوونی یەکەمەوە دەستی پێکردووه و ئەمڕۆ کۆتایی پێدەێت.