Dlshad Saifaalddin Ahmed
13 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 14 ئەیلوول 2017
سلێمانی ـ AA
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، عادل نوری رایگەیاند "ئەوەی دوێنێ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كردی تا بەردەرگای پەرلەمان بڕ ناكات و وەك هەرزەیەكی سیاسی مامەڵەیان كرد، پەرلەمان وەختە میسداقیەتی خۆی لەدەست دەدات و ئەو هەنگاوەی نایان هیچ هەنگاوێكی دەستووری نییە و هیچ كاردانەوەیەكی سیاسی و بینایەكی یاسایی دەستووری لەسەر ناكرێت".
عادل نوری لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەوەی كرا تەنها بۆ بانگەشەیەكی پێشوەختەی هەڵبژاردنە كە تائێستا نازانرێت ئەو هەڵبژاردنە دەكرێت یان نا و ئەگەری زۆر بە رێژەی 80 لەسەد ئەوەیە كە دوابخرێت و تا ئەو كاتە كەس ئەوەی بیر نامێنێت، زۆربەی ئەو پەرلەمانتارانەش ئەو كارەیان كرد دواتر پەشیمان بوون و باسیان لەوە كرد شەقامەكەیان ئەوەی دەوێت و لەگەڵ دۆخەكە رۆشتون، لەكاتێكدا شەقام ئەو كەسانەی قبووڵ نییە و بەشێكیان ناویان لە لیستی گەندەڵی هەیە و تێوەگلاون لە گەندەڵی".
ئەو پەرلەمانتارە كوردەی عێراق باس لەوە دەكات، "لە دوای جەنگی یەكەمی جیهانیەوە بەردەوام ئەوە بە كورد گوتراوە كاتی راگەیاندنی سەربەخۆیی نییە ، بۆ راپەڕینی ساڵی 1991ی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنی پەرلەمان و پێكهێنانی حكوومەت هەمان شتیان گوتووە كە كاتی نییە، تا ساڵی 2003 و رووخانی رژێمی سەدام حسێن و شەڕی داعش و ئێستاش هەمان شت بە هەرێمی كوردستان دەڵێنەوە كە كاتی راگەیاندنی سەربەخۆیی نییە و چەندین جار بەڵێنی جێبەجێكردنی داواكارییەكانی كوردیان داوە و دواتر پاشگەز بوونەتەوە".
عادل نوری هەروەها گوتی: "ئێستا دوای كۆتایی هاتنی شەڕی داعش و كۆنترۆڵكردنەوەی تەلەعفەر و نزیكبونەوەی كۆنترۆڵی حەویجەش، دەیانەوێت دوای ئەوە رووی سوپاكەیان بكەنە هەرێمی كوردستان و ئەوەی لە ساڵی 1991ەوە بەدەست هاتووە ئەوەش بسەننەوە، ئەمانە پیاوی جێبەجێكردنی بەڵێنەكان نین و شەقامی عەرەبی عێراقیش ئەم سەركردانەی رەتكردۆتەوە و نەفرەتیان لێدەكەن، بۆیە وەك كورد جارێكی تر بە بەڵێن و هەڕەشەكانی ئەوان فریو ناخۆین و پێویستە بەرەو چارەنووسی خۆمان بچین و چارەنووسی خۆمان هەڵبژێرین كە دواتر هەمووان مامەڵە لەگەڵ واقیعەكەدا دەكەن".
عادل نوری كە هاوكات گوتەبێژی لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی عێراقە، ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی عێراقی و بەرپرسانی هۆشیار كردەوە لە تێوەگلانیان لە گەندەڵی و بڵاوكردنەوەی دۆسیەكانیان، ئەو گوتی: "ئەو كەسانە خاوەنی شەقامی عەرەبی نین و دوای ئەوەی لەم رۆژانەدا دانە بە دانەیان ئاشكرا دەكەین لەبەردەم شەقامی عەرەبی، ئەوكات شەقام ئێمە گوڵباران دەكەن و ئەوان نەعل باران دەكەن ، ئەو كەسانە خاوەنی هیچ بڕیارێك نین لە عێراقدا و خودی سەرۆكوەزیران، حەیدەر عەبادیش ناتوانێت هیچ شتێك بەرامبەر هاووڵاتییان بەكار بهێنێت".
لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا و لە بارەی رێكکەوتنی ئەم دواییەی سووریا و حزبوڵڵای لوبنانی بۆ گواستنەوەی چەكدارانی داعش بۆ سنوورەكانی عێراق و كاردانەوەكانی عێراق لەو بارەیەوە، پەرلەمانتارەكەی عێراق لە وەڵامدا گوتی: "ئەگەر لە سەرەتاوە گومانێك هەبوبێت لەسەر داعش، لەلای من ئەو گومانە نەبووە و پێم وابووە داعش كۆمپانیایەكی ئەمنی و سیكوریتییە و زیاتر لە لایەنێك دروستیان كردووە و راهێنانیان پێكردوون و هێناویانن و ئەركیان پێسپێردراوە".
عادل نوری گوتی: "ئەو كەسانەی داعشیان هێنایەوە هەر ئەو كەسانە بوون كە لە گرتووخانەكانی تاجی و ئەبوغرێب لە یەك شەودا و لە سەعاتی سفردا سەركردەكانیان كە دواتر بوونە سەركردەی داعش مەشق و راهێنانی باشیان پێكرابوو، دواتر دەربازكران و گەیەنرانە سنوورەكانی سووریا، پاشان لە دیوی سووریاوە بە سەرپەرشتی ئەو لایەنە هەرێمی و ناوخۆیی و نێودەوڵەتیانە داعش كرا بەو داعشە و بڕیاری كشانەوەی هەموو هێزو سوپایان لە مووسڵ دەركرد و داعشیان هێنایە شوێنەكانیان تا سنووری هەرێمی كوردستان هاتن".
ئەو ئاماژەی كرد بەوەی، ئامانجێكی دروستكردنی داعش بۆ وێرانكردنی شارە سوننیەكانی وەك مووسڵ و ئەنبار و فەلـلوجەیە، "ئەگەر بە راوردی وێرانكاری بكرێت لە نێوان مووسڵ و تەلەعفەر، هەمووان دەزانن كە رێژەی كاولكاری لەو دوو شارە چەند بووە، سەركردەكانی داعش لە سووریاوە بە پاس دەركراون و گواستراونەتەوە ، لەكاتێكدا دەبوو یەك كەسیان دەربازیان نەبوایە، لەكاتێكدا ئەو هەموو تاوانەیان ئەنجامداوە".