Yassine Aydı
01 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 13 حوزەیران 2020
ئیستانبوڵ - AA
سەرۆکی ئەنجوومەنی کاری تورکی - عێراق، ئەمین تەها رایگەیاند کە رۆژانە هەزار و ٣٠٠ بار کەلوپەل لە تورکیاوە بۆ عێراق دەگوازنەوە.
لەوبارەوە ئەمین تەها لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەرلە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ رۆژانە، دوو هەزار بار کەلوپەل لە تورکیاوە بۆ عێراق دەگواسترایەوە، بەڵام لەئێستادا رۆژانە، هەزار و ٣٠٠ بار رەوانە دەکرێت".
سەرۆکی ئەنجوومەنی کاری تورکی - عێراق سەربە پەیوەندییەکانی بازرگانی دەرەکی (دییک) روونی کردەوە کەلوپەلەکان خۆراک، دەرمان و ئەو کەلوپەلانە دەگرێتەوە کە لە بیناسازی و چنیندا بەکار دەهێندرێن.
راشیگەیاند کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، زیانی زۆری بە کەرتی بازرگانیی گەیاندووە و لە داهاتووشدا کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی خواست و داواکاریی دەبێت.
ناوبراو گوتیشی: "پێویستە لەم هەلومەرجەدا، کۆمپانیاکانی گواستنەوەی کەلوپەلەکان، رۆڵێکی بەرچاو لە پرسی ئاڵوگۆری بازرگانییدا، بگێرن".