Fahrettin İbrahim
03 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 06 تەمووز 2017
بەڕێوەبەری گشتی کاروباری باشووری ئاسیا لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، فەزلی چورمان وەڵامی قسەکانی سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی دایەوە کە رەخنەی لە تورکیا گرتبوو بە هۆی پڕۆژەکانی دروستکردنی بەنداو لەم وڵاتە.
فەزلی چورمان رایگەیاند "پێشبینیمان دەکرد لە کۆنفرانسی رووبەڕووبوونەوەی خۆڵبارین کە لە تاران بەڕێوە چوو و سەرکۆماری ئێران رەخنەی لە تورکیا گرتبوو بە وردی لەسەر ئەم بابەتە قسە بکرێت چونکە رای گشتی لەسەر ئەم بابەتە زۆر بە لارێدا براوە و ئەمەش لە قسەکانی سەرکۆمار روحانی بەدیار کەوت".
بەڕێوەبەری گشتی کاروباری باشووری ئاسیا لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، فەزلی چورمان جەختیشی لەوە کردەوە کە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە کە بیسەلمێنێت دیاردەی خۆڵبارین لە ناوچەکە بە هۆی دروستکردنی بەنداوەکانی تورکیا بێت و گوتی: "ئەمە بۆچوونێکی هەڵەیە کە تورکیا ژینگەی ناوچەکەی تێکداوە. ئێمە لەسەر ئەم بابەتە بە وردی توێژینەوەمان کردووە و هەموو رەهەندەکانیمان هەڵسەنگاندووە و دواتر بڕیارمان داوە کە دەست بەکار بین".
فەزلی چورمان کە نوێنەرایەتی تورکیای کرد لە کۆنفرانسی رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی خۆڵبارین کە لە تاران بەڕێوە چوو، گوتیشی: "مەبەستی ئێمە لە پڕۆژەکانی دروستکردنی بەنداو ئەوەیە خزمەت بە شێوازی دابەشکردنی ئاو لە ناوچەکە بکەین و رێکی بخەینەوە و هەوڵمان داوە کە دەرئەنجامی پۆزێتیڤی بۆ ناوچەکە هەبێت".
بەڕێوەبەری گشتی کاروباری باشووری ئاسیا لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا جەختیشی لەوە کردەوە کە وڵاتانی ناوچەکە پێویستە بە شێوەیەکی رێکوپێک کەڵک لە سەرچاوەکانی ئاو وەربگرن و سیاسەتی هەڵەی وڵاتان لە رابردوودا بووەتە هۆی وشکبوونی هەندێک لە سەرچاوەکانی ئاو و ئەمڕۆ کاریگەرییەکانیان دەبینین و نابێت ئەم کاریگەرییانە لەسەر تورکیا هەژمار بکرێن.
بەڕێوەبەری گشتی کاروباری باشووری ئاسیا لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، فەزلی چورمان لە وەڵامی بەڕێوەبەری ژینگەی ئێران مەعسومە ئیبتکار کە رایگەیاندبوو دەبێت تورکیا گرەنتی ئەوە بە وڵاتانی ناوچەکە بدات کە پڕۆژەکانی بۆ دروستکردنی بەنداو لە ناوچەکەدا نابنە هۆی دروستکردنی کێشە و گرفت و، رایگەیاند "نازانین مەبەست لە گرەنتی چییە؟ ئایا ئێران خۆی بۆ دروستکردنی بەنداو پرسی بە وڵاتانی ناوچەکە کردووە؟".