ئیسماعیل قائانی لە بەغدایە
فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، ئیسماعیل قائانی بەسەردانێک گەیشتە بەغدا پایتەختی عێراق و لە میاندا لەگەڵ سەرکردەکانی سەربە لایەنەکانی نزیک لە ئێران کۆبووەوە.
Arbil
ھەولێر ــ AA
میدیاکانی عێراق بڵاویان کردەوە کە فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، ئیسماعیل قائانی بەسەردانێک گەیشتووەتە بەغدا.
سەرچاوەیەک بە ئاژانسی شەفەق نیوزی ڕاگەیاندووە کە ئەمڕۆ ئیسماعیل قائانی بەسەردانێک گەیشتووەتە بەغدا.
بە گوتەی سەرچاوەکە، فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، ئیسماعیل قائانی بە گەیشتنی بۆ بەغدا لەگەڵ سەرکردەکانی سەربە لایەنەکانی نزیک لە ئێران کۆبووەتەوە لەنێویاندا، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر، ھادی عامری و ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەھلی حەق، قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق، ئەبو حوسێن حەمیداوی.
ئەمەش دوای ئەوە دێت ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە سەرکۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان سەردانی بەغدای کرد کە لە میانیدا ھەردوو وڵات ١٤ یاداشتنامەی لێگتێگەیشتنیان لە بوارەکانی ئابووری، کشتوکاڵ، سەرچاوە سرووشتییەکان، پەیوەندییەکان، پاراستنی کۆمەڵایەتی، وەرزش و لاوان، پەروەردە، گەشتوگوزار، ڕۆشنبیری ، شوێنەوار، مەشق و ڕاھێنانی پیشەیی، پەرەپێدان بە ھێزی کاری لێھاتوو و ھاریکارییەکانی نێوان ژوورە بازرگانییەکانی عێراق و ئێران، واژوو کرد.