Ramal Abdullah Mahmood
28 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 28 ئادار 2017
پاریس – AA
ئەنجوومەنی شارەوانی پاریس رەزامەندی دەربڕی لەسەر پڕۆژەی دروستکردنی دیوارێکی شووشەبەندی گوللـەنەبڕ بە دەوری تاوەری ئیڤڵ کە بووەتە هێمای فەڕەنسا.
لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شارەوانیدا پڕۆژەکە بە تێکڕای دەنگ بەمەبەستی گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی دژی هێرشە تیرۆریستییەکان پەسەند کرا. لە بڕیارەکەدا هاتووە: "لە قۆناغێکدا کە هەڕەشەکانی تیرۆر پەرەیان سەندووە لە هەمووکاتێک زیاتر پێویستە ئاسایشی تاوەری ئیڤڵ بپارێزرێت".
پێشبینی دەکرێت دیوارەکە لە سێ مانگی کۆتایی ٢٠١٨ تەواو ببێت و گوژمەی ٢٠ ملیۆن یۆرۆی تێبچێت.
لە میانی جێبەجێکردنی بڕیاری شارەوانیدا دیوارێکی شووشەبەندی گوللـەنەبڕ بە بەرزی ٢٥٠ سانتیمەتر بە لای پێش و پاشی تاوەرەکەدا دروست دەکرێت، بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشیش لە کاتی هاتنەژوورەوە و چوونەدەرەوە لای چەپ و راستی شیشبەند دەکرێت. بەمجۆرە سەردانیکەران دوای پشکنین دەتوانن سەردانی تاوەری ئیڤڵ بکەن. پێشبینی دەکرێت بەهۆی ئەوەی تەنها یەک دەروازەی هاتنەژوورەوە دروست دەکرێت، سەردانیکەران بە ریزی دوورودرێژ نۆرە بگرن.
هەروەها رێگای هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەکانی دەوروبەری تاوەرەکەش دەگۆڕدرێت و بەپێی پێویست ئۆتۆمبێلەکان دوور لە تاوەری ئیڤڵ رابگیرێن.
ساڵانە نزیکەی حەوت ملیۆن گەشتیار سەردانی تاوەری ئیڤڵ دەکەن.
کۆمپانیای جێبەجێکاری کاروباری تاوەری ئیڤڵ لە کاتی ئەنجامدانی پاڵەوانێتی یاری تۆپی پێی ئەورووپا ٢٠١٦ (EURO 2016) بەمەبەستی گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی دەوروبەری تاوەرەکەی بە مادەی کانزایی پەرژین کردبوو، ئەمەش رەخنەی بەشێکی خەڵکی بەدوای خۆیدا هێنا بە پاساوی ئەوەی دیمەنی تاوەرەکەی تێکداوە.