Abdullah Shukur
10 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 11 تەمووز 2017
وانشتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە ئیتر کاتی ئەوەیە وڵاتەکەی پەیوەندی بنیاتنەر لەگەڵ رووسیا ببیەستێ.
ترەمپ لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، ھەڵسەنگاندنی بۆ کۆبوونەوەی لووتکەی سەرکردەکانی G20 لە شاری ھامبورگی ئەڵمانیا و کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین کرد.
ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە لووتکەکە بۆ ئەمریکا سەرکەوتنێکی گەورە بووە، گوتی: "پێشتر رامگەیاندبوو کە ئەمریکا دەبێت بەو رێککەوتنە بازرگانییە خراپانەدا بچێتەوە و چاکبکاتەوە کە پێشتر ئەنجامی داون. ئەوەش ئێمە جێبەجێی دەکەین".
ترەمپ ئاشکراشی کرد کە ئەو لەگەڵ پوتین باسی دەنگۆییەکانی دەستوەردانی رووسیا لە ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکای کردووە. گوتیشی: "دووجار زۆر بە پێداگرییەوە ئەم بابەتەم لە پوتین پرسی، بەڵام ئەو بە تەواوی رەتیکردەوە. ھاوکات پێشتریش ئاماژەم بە بۆچوونی خۆم لەمبارەیەوە ئاشکرا کردبوو".
ترەمپ گوتیشی: "لەگەڵ رووسیا لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست لە چەند شوێنێکی دیاریکراوی سووریا رێککەوتین، کە دەبێتە ھۆی پاراستنی ژیانی چەندین کەس، ئێستا کاتی ئەوەیە لەگەڵ پەیوەندی بنیاتنەر لەگەڵ رووسیا ببەستین".
پێشتریش وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ رایگەیاندبوو کە "ئەمریکا و رووسیا لەسەر بەستنی ئاگربەست لە باشووری رۆژئاوای سووریا گەیشتنە رێککەوتن. رێککەوتنەکە لە ٩ی تەمووز دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە".