Göksel Yıldırım
19 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 20 شوبات 2021
ئەنقەرە- AA
کۆمپانیای تەکنەلۆژیاکانی پیشەسازی سەربازی (SSTEK)ی سەر بە سەرۆکایەتی پیشەسازی سەربازی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، بە ئامانجی پاراستنی مافەکانی تورکیا لە پڕۆگرامی فڕۆکەی جەنگی ئێف-٣٥، بۆ وەرگرتنی خزمەتگوزاری ستراتیجی و یاسایی دەربارەی ئەو کارانەی لە ئەمریکا ئەنجام دەدرێن، رێککەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیای نێودەوڵەتی بواری یاسا "Arnold&Porter" واژۆ کرد.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتون، رێککەوتنەکەی نێوان کۆمپانیای نێودەوڵەتی بواری یاسا "Arnold&Porter" و "SSTEK" لەپاڵ ئەوەی هەلی مانەوە لە پڕۆگرامی ئێف-٣٥ بۆ تورکیا دەستەبەر دەکات، خزمەتگوزاری راوێژکاری یاسایش پێشکەشی تورکیا دەکات بۆ داوا کردنی ئەو مافانەی تا ئێستا بەدەستیهێناون.
سەرۆکی دامەزراوەی پیشەسازییەکانی بەرگریی لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیسماعیل دەمیر پێشتر دەربارەی ئەم پرسە روونکردنەوەی دابوو و رایگەیاندبوو "دەرهێنانی تورکیا لە پڕۆگرامی ئێف-٣٥ بڕیارێکی تاکلایەنە و نایاساییە و هەموو رێگایەک بۆ پاراستنی مافەکانی وڵاتەکەمان دەگرینەبەر".
دەرهێنانی تورکیا لە پڕۆگرامەکە وای کرد ئەو فڕۆکانەی پێویستبوو وەریانبگرێت، رادەستینەکرێن و ئەو پارەیەش بۆ تورکیا نەگەڕێندرایەوە کە بۆ کڕینی فڕۆکەکان دابوویە ئەمریکا.