به‌غدا
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق عاسم جیهاد ئاشكرای كرد كه وه‌زاره‌ته‌كه‌یان داوای له حكومه‌تی توركیا كردووه وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی ژووری دادوه‌ری نێوده‌وڵه‌تی له‌باره‌ی ناردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانی عێراق بێ ره‌زامه‌ندی حكومه‌تی به‌غدا و پێشێلكردنی رێككه‌وتنی نێوان هه‌ردوو وڵات، بداته‌وه.
ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه كه پێنجشەممە وه‌زیری وزه و سه‌رچاوه سروشتییه‌كانی توركیا تانه‌ر یڵدز له لێدوانێكدا ئاشكرای كرد كه له رۆژی چوارشه‌ممه‌وه پرۆسه‌ی ناردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان كه له به‌نده‌ری جههیانی توركیا عه‌مبار كراوه، ده‌ستی پێكردوه.
جیهاد له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێویسته توركیا وه‌ڵامی ژووری دادوه‌ری نێوده‌وڵه‌تی ICC بداته‌وه و له‌ژێر رۆشنایی ئه‌و وه‌ڵامانه‌ی توركیا رێ و شوێنی پێویست له به‌رامبه‌ر توركیا ده‌گیرێنه‌به‌ر و ناچار ده‌كرێ كه رێزی رێككه‌وتنی نێوان هه‌ردوو وڵات بگرێ كه له ساڵی 2010 له‌نێوان ئه‌نقه‌ره و به‌غدا ئیمزا كراوه."
سه‌ره‌تای ئه‌و هه‌فته‌یه وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ئاشكرای كرد كه ده‌ستیان به رێ و شوێنه یاساییه‌كان له به‌رامبه‌ر توركیا و كۆمپانیای بۆتاش-ی توركی كردووه له‌به‌رامبه‌ر پێشێلكردنیان بۆ رێككه‌وتنی نێوان هه‌ردوو وڵات له بواری نه‌وتدا.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه حكومه‌تی عێراق و وه‌زاره‌تی نه‌وت ده‌یانه‌وێ كێشه‌كان له‌رێگه‌ی گفتوگۆ و دیبلۆماسی و یاسایی چاره‌سه‌ر بكرێ، ئه‌مه‌ش له پێناو گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مافی عێراق و جێگیركردنی و هه‌روها دانانی سنورێك بۆ ئه‌و زیاده‌ڕۆییانه‌ی له‌سه‌ر سه‌روه‌ریی سامانی نیشتمانی عێراق ده‌كرێن.
جیهاد هه‌روه‌ها ئاشكرای كرد كه وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق چاودێری ئه‌و بارهه‌ڵگره ده‌كات كه زیاتر له یه‌ك ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانی پێ ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه كراوه و دووپاتی كرده‌وه كه كۆمپانیای سۆمۆ هه‌موو بازاڕه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی و كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانی ئاگادار كردۆته‌وه كه ئه‌و نه‌وته نه‌كڕن چونكه به شێوه‌یه‌كی نایاسایی له عێراق چۆته ده‌ره‌وه.
به‌ر له ئێستا وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق رایگه‌یاندبوو كه داوایه‌كی یاسایی له دژی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌تۆمه‌تی ناردنی نه‌وت به بێ ره‌زامه‌ندی به‌غدا، له دادگا تۆمار كردووه.
سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق نووری مالیكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی به‌وه تۆمه‌تبار كردبوو كه داهاتی فرۆشتنی ئه‌و نه‌وته بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حزبی و كه‌سانی دیاری كرا‌و یان بۆ پشتگیریكردن له گروپه تیرۆریستییه‌كان له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی عێراق به‌كار ده‌هێنرێ.
مالیكی هه‌روه‌ها گوتبووی: "ئه‌و ره‌فتارانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێته هۆی ناشرینكردنی وێنه‌ی گه‌لی كورد به‌وه‌ی كه له ده‌ره‌وه‌ی یاسا و شه‌رعیه‌ت كار ده‌كا به شێوه‌یه‌ك كه وڵاتانی جیهان باوه‌ڕیان به گه‌لی كورد نامێنێ."