Betül Yürük
07 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 08 ئادار 2020
نیویۆرك ــ AA
نوێنەری تایبەتی ئەمریكا بۆ پرسی سووریا، جێمس جێفری رایگەیاند "لەو باوەڕەدا نییم رووسیا و رژێمی بەشار ئەسەد لە ئیدلب سەركەوتن بەدەست بهێنن".
جێمس جێفری لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ تۆڕی "سی بی ئێس نیوزی" ئەمریكی هەڵسەنگاندنی بۆ پێشهات و پەرەسەندنەكانی رەوٍشی ئیدلب كرد و گوتی:
"پالپشتی لە هەوڵەكانی توركیا دەكەین كە بە ئامانجی بەدیهێنانی ئاگربەستی هەمیشەیی لە ئیدلب خستوویەتەگەڕ".
نوێنەری تایبەتی ئەمریكا بۆ پرسی سووریا، جێمس جێفری ئەوەی وەبیرهێنایەوە كە پێشتر رژێمی بەشار ئەسەد بە پاڵپشتی رووسیا ژمارەیەك ناوچەی ژێر دەستی ئۆپۆزسیۆن كۆنترۆڵكردووتەوە، بەڵام رەوشی ئیدلب جیاوازە و گوتی:
" لەو باوەڕەدا نییم رووسیا و رژێمی بەشار ئەسەد لە ئیدلب سەركەوتن بەدەست بهێنن، هۆكارەكەشی نەكشانەوەی توركیایە لە ناوچەكە".
جێمس جێفری ئەوەشی گوت: "جگە لەوەش بە هۆی هێرشەكانی رووسیا و رژێمی بەشار ئەسەد-ەوە چوار ملیۆن پەنابەری دیكە دەچنە پاڵ سێ ملیۆن پەنابەری دیكە كە لە توركیا نیشتەجێن، ئەوەش دەبێتە بارگرانییەک کە تورکیا نەتوانێت بە تەنها لە ئەستۆی بگرێت".
سەبارەت بەو هێرشەکەی ئەم دواییە کە لە ٢٤ی مانگی رابردوودا، کرایە سەر هێزەکانی تورکیا و بەهۆیەوە دەیان سەرباز کوژران، نوێنەری تایبەتی ئەمریكا بۆ پرسی سووریا، جێمس جێفری گوتی: "ئێمە زۆر لەوە دڵنیاین کە ئەو هێرشە بە فڕۆکەی رووسیا ئەنجامدراوە".
جێمس جێفری جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، ئەگەر رووبەڕووبوونەوە لە نێوان تورکیا و رووسیا رووبدات ئەوە گرژییەکانی ناوچەکە ئاڵۆزتر دەکات.