حووسییەکان: "ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر شاری حودەیدە"
- حووسییەکان ڕایانگەیاند کە ئیسرائیل، ھێرشی کردووەتە سەر شاری حودەیدە ڕۆژئاوای یەمەن.
Yemen
یەمەن ــ AA
حووسییەکان ڕایانگەیاند کە ئیسرائیل، ھێرشی کردووەتە سەر شاری حودەیدە ڕۆژئاوای یەمەن و ھاوکات سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەدا کە بەندەری حودەیدەیان کردووەتە ئامانج.
کەناڵی مەسیرە سەربە حووسییەکان بڵاوی کردەوە کە ئیسرائیل ھێرشی کردووەتە سەر شاری حودەیدە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە میانی ھێرشەکەدا، وێستگەیەکی کارەبا لە شاری حودەیدە کراوەتە ئامانج.
ھەر لەوبارەیەوە چالاکوانان چەند گرتەیەکی ڤیدیۆییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە بەھۆی ھێرشی ئیسرائیلەوە بۆ سەر بەندەری حودەیدە، ئاگرێکی گەورە لە ناوچەکە کەوتووەتەوە.
ھاوکات ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاوی کردەەوە کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، ھێرشیان کردووەتە سەر بەندەری حودەیدە ڕۆژئاوای یەمەن.
ڕاشیگەیاندووە کە ھێرشەکەی سەر بەندەری حودەیدە لە وەڵامی ئەو ھێرشانە ئەنجامدراوە کە لە میانی دوو ھەفتەی ڕابردوودا لە ڕێگای ئاراستەکردنی مووشەکی بالیستیک، لەلایەن حووسییەکانەوە کرانە سەر تەل ئەبیب گەورە.