Muhammet Ali Kemal,Ramal Abdullah Mahmood
06 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 07 نیسان 2017
خان شەیخون – AA
قوربانیانی بەرکەوتوو بە گازی کیمیاوی لە شارەدێی خان شەیخون بەخاک دەسپێردرێن. بەهۆی کەمی رووبەری گۆڕستان چەند تەرمێکی هەرخێزانێک بەیەکەوە دەنێژرێن.
دانیشتوانی خان شەیخون دەستیان کرد بە خاکسپاردنی کەسوکاریان کە بەهۆی هێرشەکەی رژێمی بەشار ئەسەد بە گازی کیمیاوی گیانیان لەدەست دا. بەهۆی کەمی رووبەری گۆڕستانی شارەدێیەکە چەند تەرمی هەر خێزانێک بەیەکەوە دەنێژرێن.
بەهۆی دەنگۆی ئەوەی کە لەوانەیە 'دوای چەند رۆژیک بەرکەوتوانی گازەکە بێنەوە هۆش خۆیان و ئێستا تەنها لە هۆش خۆیان چووبن' ژمارەیەک لە دانیشتوانی شارۆچکەکە بەخاکسپاردنی تەرمەکانیان دواخستووە.
بەهۆی ئەوەش کە کەسوکاریان لە نەخۆشخانەکان چارەسەری پزیشکیی وەردەگرن، ژمارەیەک لەو تەرمانەی کە کەسیان نییە، لەلایەن دانیشتوانی شارەدێیەکەوە، بەخاک دەسپێردرێن.
ئەوە زانرا کە مندالێکی کچ کە لە تەرمی نەنکی دوور نەدەکەوتەوە، هەموو ئەندامانی خانەوادەکەی لە نەخۆشخانەن لەژێر چارەسەر پزیشکییدا.
تێبینی ئەوەش دەکرێت کە لەدوای هێرشەکەوە، دانیشتوانی ناوەندی شارەدێیەکە ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە و ژمارەیەکیان هەندێک کەل و پەل و پێداویستییان لەگەڵ خۆیاندا بردووە و چوونەتە ناوچە ئارامەکان.
لەئەنجامی هێرشێکی رژێمی ئەسەددا لە رێگەی چەکی کیمیاوییەوە، بۆسەر شارەدێی خان شەیخون لە پارێزگای ئیدلب، نزیکەی 100 کەس گیانیان لەدەستدا کە ژمارەیەکی زۆریان ژن و منداڵ بوون و 500 کەسی دیکەش بەهۆی هەڵمژینی گازەکەوە باری تەندروستییان تێکچوو.