Ramal Mahmood,Sangar Hamad Azeez
07 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 08 تشرینی یەکەم 2016
لیژنەی هەڵسەنگاندنی خەڵاتی نۆبڵی نەرویجی، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ئەمساڵی بەخشییە سەرۆکی کۆڵۆمبیا خوان مانویل سانتوس، کە ماوەی پەنجا ساڵە هەوڵدەدات بۆ کۆتایی هێنان بەجەنگی ناوخۆی وڵاتەکەی.
لە راگەیەندراوی لیژنەکەدا هاتووە: "خەڵاتی ئاشتی ئەمساڵ بەشایستەی سەرۆکی کۆڵۆمبیا خوان مانویل سانتوس زانرا، کە ماوەی پەنجا ساڵە پێداگیرانە هەموو هەوڵێکی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ کۆتایی هاتن بە جەنگی ناوخۆیی وڵاتەکەی کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە ٢٢٠ هەزار کەس و دەربەدەربوونی شەش ملیۆن کەس لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان. هەروەها خەڵاتەکە وەک دیارییەک بۆ گەلی کۆڵۆمبیا کە دەستبەرداری خەونی ئاشتی دادوەرانە نەبوون لەبەرامبەر هێزە گەورەکان و نیازخراپان، و کەسوکاری بێشوماری قوربانیانی جەنگەکە و هەموو ئەو لایەنانەی رۆڵیان گێڕاوە لە پرۆسەی ئاشتەواییدا".
راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشداوە سەرۆکی کۆڵۆمبیا خوان مانویل سانتوس بەبەردەوامی و بێپشوودان هەوڵەکانی بەچڕی خستووەتەگەڕ بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاشتەوایی و دەستێپکردنی کۆبوونەوەکان بۆ رێککەوتننامەی ئاشتی لەنێوان حکوومەتی کۆڵۆمبیا و هێزە چەکدارەکانی شۆڕشگێڕی کۆڵۆمبیا. هەروەها تێیدا هاتووە: "هەرچەندە رێککەوتننامەکەی ئاشتی رێگەی لەبەردەم مشتومڕەکانیش کردبێتەوە، بەڵام راوبۆچوونەکانی سانتوس لەبارەی ریفراندۆمی رێککەوتننامەی ئاشتییەوە لەگەڵ دەنگدەرانی کۆڵۆمبیا رۆڵێکی گرنگی گێڕا.
ئەنجامی ریفراندۆمەکە بەپێی ویستی سەرۆکی کۆڵۆمبیا سانتوس نەبوو. ١٣ ملیۆن دەنگدەری کۆڵۆمبی بە جیاوازییەکی کەم بە "نەخێر" دەنگیان دا. ئەم ئەنجامەش ئایندەی ئەو وڵاتە بەرەو چارەنووسێکی نادیار دەبات. مەترسی ئەوە هەیە ببێتە هۆی هەڵپەساردنی پرۆسەی ئاشتی و هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان هاووڵاتیانی مەدەنی. لەو رەوشەدا زۆر گرنگە ئاگربەستی لایەنەکان کە بەسەرکردایەتی سەرۆکی کۆڵۆمبیا سانتوس و سەرکردەی هێزە چەکدارەکانی شۆڕشگێڕی کۆڵۆمبیا رۆدرینگۆ لۆندۆنۆ. راستە زۆربەی دەنگدەران لە ریفراندۆمەکەدا بە "نەخێر" دەنگیان دا بە رێککەوتننامەی ئاشتی، بەڵام ئەوە بەم واتایە نایەت کە پرۆسەی ئاشتەوایی کۆتایی هاتووە. ریفراندۆمێک نەبوو دژ بە ئاشتی.
ئەو کەسانەی بە "نەخێر"یش دەنگیان داوە ئاشتییان رەتنەکردووەتەوە، بەڵکو رێککەوتننامەیەکی دیاریکراوی ئاشتی بوو. لیژنەی هەڵسەنگاندنی خەڵاتی ئاشتی نەرویج، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە هەوڵەکانی سەرۆکی کۆڵۆمبیا سانتوس بە مەبەبستی لێکنزیککردنەوەی لایەنەکان و داواکردن لە جەماوەر بۆ دیالۆگی نەتەوەیی گرنگی زۆری هەیە. تەنانەت ئەو کەسانەی دژی رێککەوتننامەی ئاشتیش بوون بە دڵخۆشییەوە پێشوازییان لەو دیالۆگە کرد. هیوادارین هەموو لایەنەکان بە ئەرکی خۆیان هەڵبسستن و رۆڵی باش بگێڕن لە بەردەوامیدان بە پرۆسەی ئاشتەوایی".
راگەیەندراوەکە سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشاوە کە خەڵاتی ئەمساڵی ئاشتی بە سەرۆکی کۆڵۆمبیا دەبەخشرێت، بۆ هاندانی ئەو کەسانەی هەوڵەکانیان خستووەتە گەڕ بۆ ئاشتی، رێککەوتن و دادوەری لە کۆڵۆمبیا. گوتی: "سانتوس رایگەیاند کە تاکو ئەرکی ئەو تەواو دەبێت هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی. هیوادارین بەخشینی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، هێز و گوڕیان پێبدات بۆ ئەوەی لەو ئەرکە سەختە سەرکەوتوو بێت. لەو باوەڕەداین لە ساڵانی داهاتوودا گەلی کۆڵۆمبیا لەسایەی پرۆسەی ئاشتی و رێککەوتن بەخۆشی ژیان بەسەر دەبەن. تەنها ئەو کاتە کۆڵۆمبیا دەتوانێت بەرەنگاری هەژاری، نادادی کۆمەڵایەتی و مادە هۆشبەرەکان ببێتەوە".
لیژنەکە ئەوەیشی خستەڕوو بەپێدانی خەڵات بە سانتوس کە بەچڕی هەوڵەکانی بۆ ئاشتی خستووەتەگەڕ دوا ئاواتی کۆچکردوو ئاڵفرێد نۆبڵ-ی هێنایە دی.
دانوستانەکانی رێککەوتنی ئاشتی نێوان حکوومەتی کۆڵۆمبیا و هێزەکانی چەکداری شۆڕشی کۆڵۆمبیا کە ماوەی چوار ساڵە بەردەوام بوو لە ٢٩ی تەمووزی رابردوو راگەیاندنی ئاگربەستی لێکەوتەوە. جەنگی نێوخۆی ئەو وڵاتە کە ٥٢ ساڵە بەردەوامە و هۆکاری کوشتنی ٢٢٠ هەزار کەسە . بە مەبەستی ئەنجامدانی رێککەوتنی ئاشتی لە ٢ی ئەم مانگەدا گشت پرسییەک ئەنجامدرا و بە کۆی %٥٠،٢ گەل رێککەوتننامەی ئاشتیان رەت کردەوە.
سانتۆس بە بەدەستهێنانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بڕی ٨ ملیۆن کرۆنی سویسڕیش وەردەگرێت کە دەکاتە نزیکەی یەک ملیۆن دۆلار.
بڕیارە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئابووریش لە ١٠ ئەم مانگە ئاشکرا بکرێت و تاوەکو ئێستاش بەرواری ئاشکراردنی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات دیاریی نەکراوە.
دیاریی کردنی کاندیدانی خەڵاتی نۆبڵ لەلایەن لیژنەی هەڵسەنگاندنی خەڵاتی نۆبڵ دیاریی دەکرێن و دەنگدانەکەش لەنێوان ئەندامانی ئەکادیمی و شارەزا لە بوارەکە دەبێت کە زۆربەیان براوەی خەڵاتی نۆبڵ بوونە لەمەوپێش.
لە نێوان ساڵانی ١٩٠١ تاوەکو ٢٠١٤ دا ٩٦ جار خەڵاتی ئاشتی بەخشراوەتە ١٠٣ کەس و ٢٦ رێکخراو .
لە مێژووی ئەو خەڵاتە تاوەکو ئێستا دوو جار لە یەک ساڵدا سێ کەس خەڵاتی ئاشتیان پێ بەخشراوە ، ئەمانیش لە ساڵی ١٩٩٤ دا درایە سەرۆکی پێشووی فەڵەستین یاسر عەرەفات و سەرۆکی پێشووی ئیسرائیل شیمۆن پێرێز و یتزاک رابین و لە ساڵی ٢٠١١ش بە هەمان شێوە درایە ئەلەن جۆنسۆن سیرلیف ، لەیماه بگۆی و تەوەکول کارمان .
گەنجترین کەس کە خەڵاتی نۆبڵی بەدەست هێنابێت تاوەکو ئێستا مالالا یوسفزای پاکستانی بوو لە ساڵی ٢٠١٤ خەڵاتەکەی پێ بەخشرا کە ئەوکات تەمەنی ١٧ ساڵ بوو.
بە تەمەنترین کەسیش جۆرێف رۆتبلات بوو کە لە ساڵی ١٩٩٥ کە ئەوکات تەمەنی ٨٧ ساڵ بوو خەڵاتەکەی پێ بەخشرا .
ناوەی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە ساڵی ٢٠١٠ەوە تاوەکو ئێستا بەم شێوەیە:-
٢٠١٠ - لیو شیاوۆبۆ ( کۆماری چین ).
٢٠١١ ئەلەن جۆنسۆن سیرلیف ، لەیماه بگۆی و تەوەکول کارمان.
٢٠١٢ یەکێتی ئەورووپا.
٢٠١٣ رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاویی.
٢٠١٤ کایلا ساتیارتی ( هیندستان) مالالا یوسفزای ( پاکستان).
٢٠١٥ چوارینەی دیالۆگی نیشتیمانی تونسی.