Meltem Bulur,Hemın Othman Mohammed
07 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 08 تشرینی یەکەم 2016
سه‌باره‌ت به بارودۆخی شاری مووسڵ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، مه‌ولود چاوش‌ئۆغڵو رایگه‌یاند: "پێویسته خه‌ڵكی مووسڵ كه سوننه‌ن ناچار نه‌كرێن به هه‌ڵبژاردنی میلیشیا شیعه‌كان یان داعش، كه یه‌ك له یه‌كتری مه‌ترسیدارترن".
دوای كۆبوونه‌وه‌ی دوو قۆڵی و شانده‌كان له‌گه‌ڵ هاوتا ئیسپانییه‌كه‌ی، جۆس مانوێل گارسیا-مارگالۆ، له میوانخانه‌ی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا، چاوش‌ئۆغڵو كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شی ساز كرد.
چاوش‌ئۆغڵو باسی له‌وه كرد كه ده‌بینن ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ی دژ به داعش له جه‌رابلوسه‌وه بۆ باشوور ده‌ستی پێكردووه چه‌نده ده‌ره‌نجامی گرنگی به‌ده‌ستهێناوه.
له وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به دۆخی مووسڵ، چاوش‌ئۆغڵو ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه كاتێک پلانی ئۆپه‌راسیۆنێك داده‌نرێت، پێویسته پلان بۆ دۆخی پێش و دوای ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ش دابنرێت. ئه‌و به‌ره‌نگارییه‌ی له جه‌رابلوس درێژه‌ی هه‌یه سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی له‌به‌رچاوه و، گوتی: "پاشان ئاسایشی ئێره ده‌توانێت دڵنیایی بداته خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه، له بنه‌ڕه‌تدا هۆكاری سه‌ركه‌وتنه‌كه هه‌ر ئه‌وه‌یه، واتا خاوه‌ندارێتی ناوخۆیی زۆر گرنگه. ئێمه ده‌مانه‌وێت هه‌مان تێگه‌یشتن له مووسڵ هه‌بێت. ئه‌وه راستترین هه‌ڵوێسته".
چاوش‌ئۆغڵو گوتیشی: "سه‌ركه‌وتنه‌كانی جه‌رابلوس بووه هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه‌ی خه‌ڵكی مووسڵ به‌خۆیان. ئه‌وه‌ش راستترین هه‌ڵوێسته. به‌شداری پێكردنی میلیشیا شیعه‌كان له ده‌ره‌وه، پاشان مانه‌وه‌یان لێره ئاشتیی و خۆشگوزه‌رانی بۆ مووسڵ فه‌راهه‌م ناكات. به‌ڵكو ته‌واو به پێچه‌وانه‌وه كێشه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه روو له زیادبوون ده‌كات و به‌رده‌وام ده‌بێت. پێویسته خه‌ڵكی مووسڵ كه سوننه‌ن ناچار نه‌كرێن به هه‌ڵبژاردنی میلیشیا شیعه‌كان یان داعش، كه یه‌ك له یه‌كتری مه‌ترسیدارترن. ئێمه له‌وێ له كه‌مپی باشیک مه‌شق و راهێنان به هێزه ناوخۆییه‌كان ده‌كه‌ین، به خه‌ڵكی مووسڵ خۆی. له‌به‌رئه‌وه به‌شداری كردنی هێزه ناوخۆییه‌كان له ئۆپه‌راسیۆنی دژ به داعشدا گرنگه بۆ سه‌ركه‌وتنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه. ده‌زانین كه وڵاتانی جیاواز لێره به‌تایبه‌تی وڵاتانی هاوپه‌یمان مه‌شق و راهێنان به پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی عێراق ده‌كه‌ن. له‌به‌رئه‌وه وڵاتانی ناو هاوپه‌یمانیه‌كه، هێزه‌كانی ئێره‌ش ده‌توانن وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه له جه‌رابلوس كردمان یارمه‌تی هێزه ناوخۆییه‌كان بده‌ن و مووسڵ له داعش پاكبكه‌نه‌وه. ئێمه تا ئه‌مڕۆ له‌نێو هه‌موو جۆره بهرهنگارییهكدا بووین دژ به داعش، به‌شداری چالاكمان هه‌بووه. ئاماده‌ین هه‌موو جۆره هاوكارییه‌ك پێشكه‌ش بكه‌ین له به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی داعش له مووسڵ".