Şerife Çetin
24 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 25 تشرینی یەکەم 2019
برۆكسل - AA
وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا، مارك ئێسپه‌ر رایگه‌یاند: "پێویسته له چوارچێوه‌ی هه‌م ناتۆ هه‌میش په‌یوه‌ندییه دوو قۆڵییه‌كاندا هه‌وڵ بدرێت بۆ چۆنییه‌تی په‌ره‌پێدان به په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ توركیادا. ده‌بێت له‌و ئاراسته‌یه‌دا به‌رده‌وامی بده‌ین به كاره‌كان".
ئێسپه‌ر كه له چوارچێوه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی به‌رگری ناتۆ له برۆكسل-ه، به‌شداری له چالاكییه‌كدا كرد كه له لایه‌ن ده‌زگایه‌كی بیر به‌ناوی German Marshall Fund رێكخرابوو، گوتارێكی پێشكه‌ش كرد.
ئێسپه‌ر باسی له‌وه كرد كه توركیا په‌یوه‌ست به هاوپه‌یمانی ناتۆ "به رێگایه‌كی هه‌ڵه‌دا رۆیشتووه" و ئه‌وه‌یش مایه‌ی نیگه‌رانییه و، گوتی: "ده‌بێت هه‌موو به‌یه‌كه‌وه كار بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی هاوبهشییهكانمان له‌گه‌ڵ توركیا به‌هێز بكه‌ین و، وه‌ك رابردوو ده‌سته‌به‌ری ئه‌وه بكه‌ین توركیا ببێته‌وه به هاوپه‌یمانێكی جێ متمانه و به‌هێز".
- "ده‌بێت په‌یوه‌ندییه‌كان باش بكه‌ین"
گوتیشی: "پێویسته له چوارچێوه‌ی هه‌م ناتۆ هه‌میش په‌یوه‌ندییه دوو قۆڵییه‌كاندا هه‌وڵ بدرێت بۆ چۆنیه‌تی په‌ره‌پێدان به په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ توركیادا. ده‌بێت له‌و ئاراسته‌یه‌دا به‌رده‌وامی بده‌ین به كاره‌كان. ده‌بێت له توركیادا له‌گه‌ڵ كه‌سانی دروستدا په‌یوه‌ندی دروست بكه‌ین و په‌یوه‌ندییه‌كان پێشبخه‌ین. له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا په‌یوه‌ندییه سه‌ربازییه‌كان گرنگیی زۆریان هه‌یه. ده‌توانین لێره‌وه ده‌ست پێ بكه‌ین".
وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا ئێسپه‌ر، باسی له‌وه كرد كه ئه‌مریكا هه‌وڵی رێگری كردنی ئۆپه‌راسیۆنی كانی ئاشتیی داوه، به‌ڵام توركیا هه‌ر له سه‌ره‌تاوه سووربووه له‌سه‌ر ئه‌وه و، گوتی: "كاتێ ئێمه له ساڵی 2014دا هاوپه‌یمانیمان له‌گه‌ڵ هه‌سه‌ده دروست كرد توركیا نیگه‌رانی خۆی خسته‌ڕوو. له‌و ناوچه‌كه‌دا دوو ئۆپه‌راسیۆنیان ئه‌نجامدا. له‌به‌رئه‌وه پێداگری توركیا مایه‌ی سه‌رسوڕمان نییه".
هه‌روه‌ها گوتیشی: "جێگه‌ی باس نییه له‌گه‌ڵ توركیادا كه له‌وه‌ته‌ی له ساڵی 1952ه‌وه بووه‌ته ئه‌ندامی ناتۆ هاوپه‌یمانێكی زۆر باشه بكه‌وینه جه‌نگه‌وه. رێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵ كورده‌كان بۆ شكستپێهێنانی داعش بوو. هیچ كاتێك به‌ڵێنی هاوكاربوون بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی ئۆتۆنۆمی یان دژوه‌ستانه‌وه به‌رامبه‌ر توركه‌كانمان پێنه‌داون. ئه‌وانه راستی تاڵن".