Hakan Çopur
03 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 04 شوبات 2021
واشنتۆن - AA
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، جێک سەڵیڤن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراهیم کاڵن رایگەیاند ''ئیدارەی بایدن خوازیاری بنیاتنانی پەیوەندی بنیاتنەری ئەمریکا- تورکیا، فراوانکردنی بوارەکانی هاریکاریی و بەڕێوەبردنی ناکۆکییەکانە، بەشێوەیەکی کاریگەر''.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، ئیمیلی هۆڕن راگەیەندراوێکی سەبارەت بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان جێک سەڵیڤن و ئیبراهیم کاڵن بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە ''جێک سەڵیڤن جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئیدارەی بایدن خوازیاری بنیاتنانی پەیوەندی بنیاتنەری ئەمریکا- تورکیا، فراوانکردنی بوارەکانی هاریکاریی و بەڕێوەبردنی ناکۆکییەکانە، بەشێوەیەکی کاریگەر''.
جێک سەڵیڤن باسی لەوە کردووە کە ئیدارەی بایدن بەنیازی بەهێزکردنی ناتۆیە، هاوکات نیگەرانی ئەمریکاشی خستووەتەڕوو لەبارەی کڕینی سیستمی S-400ی رووسی لەلایەن تورکیاوە.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە ''جێک سەڵیڤن بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی کردووە لە سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی نێوان تورکیا و یۆنان و پشتیوانی خۆیشی بۆ پلانی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس دەربڕیوە بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی قوبرس. جەختیشی لەسەر پابەندی ئیدارەی بایدن کردووەتەوە لە پشتیوانیکردنی دامەزراوە دیموکراسییەکان و سەروەری یاسا. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر هاریکاریکردن لە بوارەکانی کێشە جیهانییەکان وەک ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و گۆڕانکاری ئاووهەوا و کارکردنی نزیک لە بابەتە هەرێمییەکان کە مایەی نیگەرانیی هاوبەشن''.