Rewa Mahmut Hasan
16 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 17 کانوونی یەکەم 2015
یەکێک لە کارمەندانی تیمی بەرگری شارستانی بەناوی تارق ئاریان لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە فڕۆکەکانی جەنگی رووسی بازاڕێکی سووتەمەنیان لە نزیک سنووری تورکیاوە کردۆتە ئامانج و بەهۆیەوە زیاتر لە ٢٥ کەس کوژراون و ٣٠ کەسی تریش بریندار بوون. ناوبراو رایگەیاند کە زۆربەی تەرمەکان سووتاون و ماڵەکانی چواردەور زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.
تۆڕی هەواڵی موباشیری سووری کە سەر بە ئۆپۆزسیۆنە رایگەیاندووە کە فڕۆکەکانی جەنگیی رووسیا لە ناوچەی مەرەتون ناسان رەشەکوژییان ئەنجام داوە و خەڵکی ناوچەکە ناچار کۆچیان کردووە.
رووسیا لە ٣٠ی ئەیلوولەوە لە چوارچێوەی رووبەڕووبوونەوەی داعش، هێرشەکانی ئاسمانی خۆی لە سووریا دەست پێ کردووە.
رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی هێرشەکانی فڕۆکە روسییەوە لە ٣٠ی ئەیلوول - ١ی تشرینی دووهەمی ئەمساڵ ٥٨٣ کەس گیانیان لەدەست داوە کە ١٥٣ کەسیان منداڵن و ٦٠ کەسیان ئافرەتن.