Büşra Selvi Öğütcen
17 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 18 کانوونی یەکەم 2022
مۆسکۆ - AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ماریا زاخارۆڤا بەهۆی لێدوانێکیەوە کە باسی لەوە کردبوو دەبێت تورکیا بەشداری بکات لەو سزایانەی یەکێتیی ئەورووپا بەسەر رووسیادا سەپاندوونی، رەخنەی لە نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆڕێلی گرت و ئاماژەی بەوە کرد کە ناوبراو هیچ بیرکردنەوەیەکی لۆژیکی نییە.
لە وەلامی پرسیارێکی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵودا سەبارەت بە لێدوانەکانی جۆزێپ بۆرێل کە رایگەیاندبوو: "تورکیا دەبێت وەک ولاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا پابەندی سزاکانی سەر رووسیا بێت"، زاخارۆڤا رایگەیاند: "لێدوانەکانی بۆرێل هیچ بیرکردنەوەیەکی لۆژیکی تێدا نییە. تورکیا بەهۆی پەیوەنديی لەگەڵ حکوومەتی مۆسکۆ کراوەتە ئامانج".
زاخارۆڤا ئەوەشی خستەڕوو کە یەکێتیی ئەورووپا گوشار لە تورکیا دەکات بۆ ئەوەی بەشداری لە سزاکانی سەر رووسیا بکات.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، رەخنەی لە بۆرێل گرت بەهۆی لاوازی هەڵوێستەکەی و بڵاوکردنەوەی قسەی بێ مانای درۆ، گوتیشی: "نوێنەری باڵا بە خوێندنەوەی ئەو تێبینیانەی پێی دراوە، هیچ بیرکردنەوەیەکی لۆژیکی نەبووە. ئەم بیرکردنەوەیە رەگ و ریشەی قووڵی لە داگیرکاری و فاشیزمدا هەیە".
هەروەها زاخارۆڤا باسی لەوە کرد کە بۆرێل و بەرپرسانی دیکەی خۆرئاوا، بەرژەوەندیيە نیشتمانییەکانی تورکیا و وڵاتانی دیکە لەبەرچاو ناگرن و، گوتی: "دەکرێت ئەنقەرە ئەگەر خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی خۆرئاوا بکات ببێتە ئەندامی ناتۆ، بەڵام نابێتە بەشێک لە یەکێتیی ئەورووپا و بێبەشیش کراوە لە ناوچەی شنگن".