Raşa Evrensel
28 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 28 شوبات 2022
ئیستانبوڵ ــ AA
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند کە لە میانی ئەو ھێرشە سەربازییەی کە ھێزەکانی لە ئۆکراینا ئەنجامی دەدەن، ژمارەیەک سەربازی رووسیا لەو وڵاتە کوژران و برینداربوون.
بەپێی ئاژانسی ھەواڵیی " Sputnik"ی گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە، ئیگۆر کۆناشینکۆڤ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە لەدەستپێکی ھێرشی سەربازیی ھێزەکانی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، تا ئێستا ٩٧٥ دامەزراوەی سەربازیی ئۆکراینا خاپوورکراون.
ئیگۆر کۆناشینکۆڤ راشیگەیاندووە کە ھەر لە دەستپێکی ھێرشی سەربازیی ھێزەکانی وڵاتەکەی بۆسەر ئۆکراینا، ٢٩ ناوەندی فەرماندەیی و گەیاندن، ٣٨ سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی و ٥٦ سیستەمی راداری ئۆکراینا خاپوورکراون.
ئاشکراشی کردووە کە لە میانی ئەو ھێرشە سەربازییەی کە لە ئۆکراینا ئەنجام دەدەن، ژمارەیەک سەربازی رووسیا لەو وڵاتە کوژران و برینداربوون و گوتی: "زیانەکانی ئێمە، کەمترە لە زیانەکانی سەربازانی ئۆکراینا".