Behlül Çetinkaya
24 حوزەیران 2024•نوێکردنەوە: 24 حوزەیران 2024
لەندەن - AA
رێکخراوی منداڵان رزگار بکەن (Save the Children) کە ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی کۆمەڵگەی مەدەنیە و ناوەندەکەی لە بەریتانیایە، رایگەیاند لە غەززە نزیکەی ٢١ هەزار منداڵ لە خێزانەکانیان دابڕاون، لە ژێر داروپەردووە ڕووخاوەکاندان، دەستگیرکراون، لە گۆڕە بێ ناو یان بەکۆمەڵەکاندا بەخاک سپێردراون.
لە ڕاگەیاندراوێکدا کە لەلایەن ڕێکخراوەکەوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە بەهۆی زیادبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح لە باشووری غەززە، ژمارەی ئەو منداڵانەی لە خێزانەکانیان دابڕاون ڕووی لە هەڵکشان کردووە و، ئەوانەشی چاودێری منداڵانی بێ سەرپەرشت دەکەن، خراونەتە ژێر گوشارەوە.
هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە بەپێی پێشبینییەکان ١٧ هەزار منداڵ لە غەززە لە خێزانەکانیان دابڕاون یان بەبێ سەرپەرشتیار ماونەتەوە و بێسەروشوێنن، نزیکەی چوار هەزار منداڵیش لە ژێر داروپەردووە ڕووخاوەکاندان، لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا یاخود گۆڕە بێ ناوەکاندا بەخاکسپێردراون.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە ژمارەیەکی نەزانراوی منداڵ دەستگیرکراون و ڕەنگە برابنە دەرەوەی غەززە.
لە بەشێکی ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوە وەبیرهێندراوەتەوە کە بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە کەرتی غەززە، زیاتر لە ١٥ هەزار منداڵ لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون، نزیکەی نیوەیان ناسنامەیان دیار نییە.