Mahmut Geldi
21 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 22 تەمووز 2023
ئیستانبوڵ – AA
زانکۆی ئەزهەر داوا دەکات لە بەرامبەر دەستدرێژیکردنە سەر قورئانی پیرۆز لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید، موسڵمانان کاڵا و شتومەکی سویدی بایکۆت بکەن.
ئەزهەر لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر بە توندی سەرکۆنەی رێگەدان بە بەردەوامی کارە ئیستیفزازییەکان بەرامبەر پیرۆزییەکانی موسڵمانان کرد بە پاساوی "ئازادی رادەربڕین"ەوە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی سوید.
لە راگەیەندراوەکەدا بەردەوامیدان بە رێگەدان بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە سوید وەک 'پشتیوانیکردن لە تیرۆر و دوژمنایەتی" لێک دراوەتەوە و تیایدا هاتووە: "رێگەدان بە تاوانی تیرۆریستی وەک سووتاندنی قورئانی پیرۆز بە واتای ئەنجامدانی تاوان دێت بەرامبەر ئیسلام و ئایینەکانی دیکە و مرۆڤایەتی. دەستدرێژیکردنە سەر قورئانی پیرۆز پەڵەیەکە بە تەوێڵی ئەو کۆمەڵگایانەوە کە دوورن لە ئازادی راستەقینە و رێزگرتن لە ئایینەکان".
ئەزهەر داوای لە تەواوی ئازادیخوازانی جیهان کردووە وەک دەربڕینی پشتیوانی بۆ قورئانی پیرۆز کاڵا و شتومەکی سویدی بایکۆت بکەن، نووسیوویەتی: "سیاسەتی سوید بەرامبەر مسوڵمانان یەکڕیزی نێوان مسوڵمانان و وڵاتانی عەرەبیمان لێ دەخوازێت".
- دەستدرێژیکردنە سەر قورئانی پیرۆز لە سوید
دوێنێ هاووڵاتیی بە رەچەڵەک عێراقی، سەلوان مۆمیکا کە پێشتر لە سوید ئاگری لە قورئانی پیرۆز بەردابوو، لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق خستە ژێرپێی خۆی و سووکایەتی پێ کردن.
مۆمیکا کە لەلایەن ژمارەیەکی زۆر پۆلیس لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم پارێزرا، وێڕای کاردانەوەکان قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق خستە ژێرپێی خۆی و سووکایەتی بە ئیسلام کرد.
مۆمیکا پێی خۆی بە قورئان و ئاڵای عێراق و وێنەی سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر سڕییەوە و دواتر ئاڵای عێراقی ئاگر تێبەردا.
لە بەرامبەردا حکوومەتی عێراق داوای لە باڵیۆزی سوید لە بەغدا، جێسیکا سڤێردسترۆم کرد عێراق جێ بهێڵێت.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە توندترین شێوەی ئیدانەی دەستدرێژیکردنە سەر قورئانی پیرۆز لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم کرد.
سەلوان مۆمیکا لە ٢٨ی حوزەیران کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان لە بەردەم مزگەوتی ستۆکهۆڵم قورئانی پیرۆزی سووتاند و لەو کاتەیشدا لەلایەن پۆلیسەوە دەپارێزرا.
ئەمە جگە لە وڵاتانی ئیسلامی لە سەروویانەوە تورکیا، عێراق، پاکستان، ئێندۆنیزیا و ئەفغانستان کاردانەوەی ژمارەیەک وڵاتی دیکەیشی بەدوای خۆیدا هێنا کە ئەمریکا و رووسیایش لەنێو ئەو وڵاتانەدا بوون.