Davit Kachkachishvili
21 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 21 کانوونی دووەم 2023
کیێڤ - AA
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی ئاماژەی بەوە دا کە سوپای ئۆکرانیا لە شەڕی دژ بە رووسیادا پێویستی بە تانکی مۆدێرن هەیە و گوتی: "وا پێویست دەکات لەپێناو دابینکردنی تانکی مۆدێرن کۆڵ نەدەین".
زێلێنسکی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلیگرام بڵاویکردەوە، هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو کۆبوونەوەیە کرد کە تایبەتە بە جەنگی ئۆکراینا و لە بنکەی رامستاین لە ئەڵمانیا بەڕێوە دەچێت.
زێلێنسکی بە وەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفڕانسەوە بەشداریی لە کۆبوونەوەکەی رامستاین کردووە، گوتی: "ئەمە گفتوگۆیەکی داخراوە و پێویستە وا بێت. بەڵام بەگشتی دەتوانین بڵێین کۆبوونەوەکەی رامستاین خۆڕاگرییمان بەهێزتر دەکات".
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی بە ئاماژەدان بەوەی کە هاوپەیمانان سوورن لە پشتیوانیکردنی ئۆکراینا، گوتی: "بەڵێ، بەڵام دووبارە وا پێویست دەکات لەپێناو دابینکردنی تانکی مۆدێرن شەڕ بکەین. رۆژ دوای رۆژ روونتر دەبێتەوە کە پێویستە بڕیارێک سەبارەت بە تانکەکان بدرێت".
زێلێنسکی ئەوەی خستەڕوو تواناکانی سوپای ئۆکراینا بەهۆی هاوکارییە سەربازییەکانی وڵاتانی هاوپەیمانەوە لە زیادبووندایە و سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە یارمەتی وڵاتەکەیان داوە.
سەرۆکی ئۆکراینا بە جەختکردنەوە لەوەی بەردەوامیدان بە هاوکارییەکان بۆ ئۆکراینا گرنگییەکی زۆری هەیە، گوتی: "بۆ ئازادکردنی خاکی وڵاتەکەمان پێویستمان بە مووشەکی دوورمەودا هەیە".