Mazın Asad
06 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 07 شوبات 2017
لە ئەنجامی شەڕوپێکدادان و تەقینەوەکان لە وڵاتی ئەفغانستان،ساڵی رابردوو سێ ھەزار و ٤٩٨ ھاووڵاتی سڤیل کوژران کە بە پڕ خوێناوترین ساڵ لەو وڵاتەدا تۆمار کرا.
نووسینگەی ھاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان راپۆرتێکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند لە ئەنجامی شەڕوپێکدادان و تەقینەوەکان لە وڵاتی ئەفغانستان، سێ ھەزار و ٤٩٨ ھاووڵاتی سڤیل کوژران و حەوت ھەزار و ٩٢٠ی دیکەش بریندار بوون.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ساڵی رابردوو لە ھێرشەکاندا سێ ھەزار و ٥١٢ منداڵ مردووە یاخود بریندار بوون و ئاشکراش کراوە کە لە رووداوە توندوتیژییەکاندا سێ لەسەر یەکی منداڵان یان کوژراون یاخود بریندار بوون.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە ساڵی رابردوو بە خوێناوترین ساڵ لە ئەفغانستان ھەژمار کراوە کە زۆربەی قوربانیان و برینداران خەڵکی سڤیل بوون.
لە بەشێکی راپۆرتەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە گرووپەکانی وەک تاڵیبان بەرپرسیارن لە کوژرانی سێ لەسەر دووی قوربانی ئەو وڵاتە و راشگەیەندراوە کە ھێزەکانی ئەمنی ئەفغانستانیش لە کوژرانی چوار لەسەر یەکی قوربانیان بەرپرسیارن.
نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ئاسایشی سڤیلەکان لە ئەفغانستان، چەندین جار ھۆشداری بەو وڵاتەدا داوە.
نووسینگەی ھاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان، تادامیچی یامامۆتۆ لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە دا کە نیگەرانن لە کوژران و برینداربوونی ھەزاران سڤیل لە ئەفغانستان، بەڵام لە ھەمان کاتدا دەتوانرێت رێگری لەو دۆخە بکرێت و گوتیشی: "ناکۆکی نێوان گشت لایەنەکان ژیانی گشت پیاو، منداڵ و ئافرەتانی ئەو وڵاتەی شلەژاو کردووە. بۆیە پێویستە خێرا رێوشوێنی پێویستە لەوبارەیەوە بگیرێتەبەر".