İlkay Güder,Hemın Othman Mohammed
11 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 11 تشرینی دووەم 2018
پاریس - AA
سه‌ركۆماری توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان به‌شداریکرد له‌و رێوڕه‌سمه‌ی كه له مۆنۆمێنتی مه‌دالیای سه‌ركه‌وتن و سه‌ربازی ون له فه‌ڕه‌نسا رێكخرابوو به بۆنه‌ی سەدهمین ساڵیادی كۆتایی هاتنی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان.
له پاریسی پایته‌ختی فه‌ڕه‌نسا، به میوانداری سه‌ركۆماری ئه‌و وڵاته، ئیمانوێل ماكرۆن رێوڕه‌سمی یاده‌وه‌ری سەدهمین ساڵیادی كۆتایی هاتنی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان رێكخرا.
سه‌ركۆماری فه‌ڕه‌نسا و هاوسه‌ره‌كه‌ی بریگیتی له كۆشكی ئێلیزێ پێشوازیان كرد له سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت، حكوومه‌ت و رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و هاوسه‌ره‌كانیان كه سه‌ركۆماری توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و ئەمینه ئه‌ردۆغانی هاوسه‌ری له‌نێوانیاندا بوون.
له رێوڕه‌سمه‌كه‌دا، 47 سه‌رۆك ده‌وڵه‌ت، 23 سه‌رۆك حكوومه‌ت و 15 سه‌رۆكی رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و هاوسه‌ره‌كانیان به‌و پاسانه‌ی بۆیان ته‌رخانكرابوو چوونه شه‌قامی شانزلیزێ و به‌ره‌و مۆنۆمێنتی مه‌دالیای سه‌ركه‌وتن و سه‌ربازی ون رێ‌یان كرد.
له لایه‌كی دیكه‌وه، سه‌رۆكی رووسیا، ڤلادیمیر پویتن و سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ و هاوسه‌ره‌كه‌ی مه‌لانیا تره‌مپ كه نه‌چوونه كۆشكی ئێلیزێ بۆ پێشوازیه‌كه به ئۆتۆمبێلی خۆیان به‌شداریان له رێوڕه‌سمی یاده‌وه‌ریه‌كه‌دا كرد.
سه‌رۆك و هاوسه‌ره‌كانیان چوونه ئه‌و شوێنه‌ی بۆیان ته‌رخانكرابوو، له‌وێ ساتێك بۆ رێز وه‌ستان و ته‌ماشای رێوڕه‌سمه‌كه‌یان كرد.
دوای رێوڕهسمەکە كه نزیكه‌ی دوو كاتژمێری خایاند، سه‌رۆكه‌كان و هاوسه‌ره‌كانیان به‌شدارییان له خوانی نێوه‌ڕۆدا كرد كه له لایه‌ن سه‌ركۆماری فه‌ڕه‌نسا و هاوسه‌ره‌كه‌ی بریگیتی رێكخرابوو.