31 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 01 ئەیلوول 2019
خەرتووم ــ AA
لە میانی سێیەمین دانیشتنی دادگاییكردنيدا سەرۆكی لەكارلابراوی سوودان، عومەر حەسەن بەشیر وردەكاری سەبارەت بەو پارەیە خستەڕوو كە پێشتر لە جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان وەرگرتووە.
لە شاری خەرتووم، سێیەمین دانیشتنی دادگاییكردنی سەرۆكی لەكارلابراوی سوودان، عومەر حەسەن بەشیر لەسەر تۆمەتى گەندەڵییەوە ئاراستەی كراووە بەڕێوەچوو.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند رێوشوێنی توند لە میانی دادگاییكردنی سەرۆكی لەكارلابراوی سوودان، عومەر حەسەن بەشیر لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە گیراوەتەبەڕ و ئەو رێگە سەرەكیانە داخراون كە دەچنە لای باڵەخانەی دادگا.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو راشیگەیاند كە دادوەریی لێكۆڵینەوە، سادق عەبدولرەحمان فەكی بۆ یەكەمجار گوێی لە گوتەكانی عومەر بەشیر گرت لەبارەی ئەو پارەیەی كە پێشتر لە جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان وەریگرتووە، تەنانەت رەتیكردووەتەوە كە گوێ لە دەستەی پارێزەرانی بەرگریی لە عومەر بەشیر بگرێت.
لە میانی دانشتنەكەدا، عومەر بەشیر رایگەیاندووە كە پێشتر، 25 ملیۆن دۆلاری لە جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان وەرگرتووە، بێ ئەوەی مێژوویی وەرگرتنی پارەكە ئاشكرا بكات.
عومەر بەشیر ئاشكراشیكردووە كە وەك سەرۆكی وڵات پارەكەی وەرنەگرتووە، بەڵكو بە سیفەتی شەخسی وەرگرتووە، بۆیە لەبەر ئەوەی جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان ئاشكرا و شەرمەزار نەكرێت، ئەو پارەیەی نەخستووەتە ناو بانكی سوودانەوە.
دادوەریی لێكۆڵینەوە، سادق عەبدولرەحمان فەكی رایگەیاند كە عومەر بەشیر بەوە تۆمەتبار دەكات كە پارەی لە سەرچاوەیەكی نایاسایی وەرگرتووە و بەشێوەیەكی نایاساییش مامەڵەی پێوەكردووە.
تا ئێستا هیچ روونكردنەوەیەك لەوبارەوە لە لایەن سعوودیەوە بڵاونەكراوەتەوە.