Mohamad Misto
15 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 18 حوزەیران 2016
لە سووریا رێخکراوی حزبوڵڵا کە لە پێناو بەشار ئەسەد دەجەنگن، لە هەوڵی ئەوەدان خێزانە عەرەبەکانی پارێزگای حەسەکە لە رێگەی هاوکاری داراییەوە بیانهێننە سەر مەزهەبی شیعە.
بەشێکی زۆری پارێزگای حەسەکە کە دەکەوێتە باکووری خۆرهەڵاتی سووریاوە لەسەر سنووری تورکیا، لەژێر کۆنترۆڵی پەیەدەدایە. لەسەدا ٤٠ی دانیشتوانی ناوەندی پارێزگاکە کە لە گەڕەکە عەرەبە سوننە نشینەکان پێک هاتووە، لەژێر دەستی هێزەکانی رژێمدایە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە سەرچاوەی ناوخۆییەوە دەستی کەوتوون، حزبوڵڵا بەڵێنی دانی مووچەی بەژمارەیەک لەو خێزانانە داوە کە خستوونیەتییە ژێر چاودێرییەوە، لەبەرامبەر ئەوەی کە ئەو بنەماڵانە ببنە شیعە.
ئەو رێکخراوە ئەو ناهەموارییەی قۆستۆتەوە کە بەهۆی شەڕی ناوخۆی سووریاوە کەوتووەتەوە و ئەمە جگە لەوەی بەڵێنی بەخێزانەک داوە کە سوودمەند بن لەهەموو ئەو توانایانەی حزبوڵڵا هەیەتی.
حزبوڵڵا لە چوارچێوەی بەرنامەی بەشیعەکردنەکەدا، ئەو خێزانانە بۆ لوبنان دەگوازێتەوە بۆ ئەوەی لە خوێندنگەکانی رێکخراوەکەدا پەروەردە بکرێن. بۆ ئەو مەبەستەش دوو گرووپ کە هەریەکەیان لە ٢٥ خێزان پێکهاتبوون دوێنێ و پێرێ لە رێگەی فڕۆکەیەکی بارهەڵگری سەربازییەوە لە فڕۆکەخانەی قامیشلۆوە بۆ دیمەشق گوازراونەتەوە و لەوێشەوە بە ئۆتۆمبیل براونەتە لوبنان. ئەو گرووپانە هەریەکەیان لە ١٥٠ کەس پێکهاتبوون.
- رژێمی سووریا پشتیوانیی لە بەرنامەی بەشیعەکردنەکە دەکات
ئەو کەسانەی کە بەمەبەستی وەرگرتنی پەروەردەی ئاینیی براونەتە خوێندنگەکانی ناوچەی بیقاع، بەڵێنی ئەوەیان پێ دراوە کە دوای تەواوبوونی بەرنامە ئاینییەکان، بگەڕێنرێنەوە بۆ حەسەکە.
رژێمی سووریا پشتیوانیی لەو بەرنامەی بەشیعەکردنە دەکات کە لەلایەن حزبوڵڵاوە بەڕێوە دەبرێت و کار لەسەر خێزانە عەرەبە سوننەکان دەکات، بۆ ئەوەی دواتر ببنە ئەندامی رێکخراوەکە.
سەرچاوەی ناوخۆیی باس لەوە دەکەن، کەسێکی دانیشتووی حەسەکە کە ناوی ئەبوعەمار بووە و دوای ئەوەی دوو هەفتە لەمەوبەر بووەتە شیعە ناوی خۆی بۆ ئەبوعەلی گۆڕیوە، سەرپەرشتی بەرنامەی بەشیعەکردنەکە لە نێو خێزانە عەرەبە سوننەکاندا دەکات. ئاماژە بەوەشدەکەن ژمارەیەک کەس بەسەرپەرشتی ئەبوعەلی سەردانی خێزانە سوننەکان لە هەریەک لە گەڕەکەکانی گوێران و نیشوە دەکەن، ئەمە جگە لەوەی لیستی ناوی ئەو کەسانەیان ئامادە کردووە کە هاوسۆزی رژێمن. بۆ هەریەک لەو کەسانەشی کە دەبنە شیعە مووچەی مانگانەی ١٠٠ دۆلار دەبڕنەوە.
هەر ئەو سەرچاوانە جەختیان لەوە کردووەتەوە مووچەی فەرمانبەر بە تێکڕایی لە نێوان ٦٠ بۆ ١٠٠ دۆلارە، لەبەر ئەوەش ئەو بڕەی کە دەخرێتە بەردەم ئەو خێزانە عەرەبە سوننانە بۆ گۆڕینی مەزهەبیان، بڕە پارەیەکی بەرچاوە.