Zana Natık Kerem
04 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 07 کانوونی یەکەم 2018
قودس ـــ AA
سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی لەژێر ناوی "قەڵغانی باکوور" بە ئامانجی دۆزینەوەی ئەو تونێلانەی کە بە گوتەی خۆی، حزبوڵلا لوبنان لە خوار سنووری ئیسرائیل لەگەڵ لوبناندا ھەڵیکاندوون، دەستپێکرد.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، ئەڤیخای ئێدرئی لە راگەیەندراوێکدا کە کۆپییەکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نێردراوە ئاماژەی بەوەداوە کە درەنگانی شەوی رابردوو ئۆپەراسیۆنی "قەڵغانی باکوور" دەستپێکراوە.
ئەڤیخای ئێدرئی راشیگەیاندووە، ئامانج لە ئۆپەراسیۆنی "قەڵغانی باکوور" کە ھێزەکانی فەرماندەیی ناوچەی باکوور، دەستەی ھەواڵگریی، ھێزی ئەندازیاری و بەڕێوەبردنی پەرەپێدان بە ئامرازەکانی شەڕکردن تیایدا بەشداری دەکەن، دۆزینەوە و ھەڵوەشاندنەوەی ئەو تۆنێلانەیە کە لە رێگەیانەوە ھێرشدەکرێتە سەر خاکەکەمان".
ئەو باسی لەوەشکردووە کە ئۆپەراسیۆنەکە لەژێر سەرپەرشتی فەرماندەی فەرماندەیی ناوچەی باکوور لە سوپا، یوئال ستریک بەڕێوەدەچێت و ئەوەشی وەبیرھێناوەتەوە کە سوپای ئیسرائیل ھێزەکانی لە فەرماندەیی ناوچەی باکوور پتەوترکردووە و ھەمیشە لە ئامادەباشیدان.
ئەڤیخای ئێدرئی گوتیشی: "ژمارەیەک ناوچەی ئەمنی لە باکوور، بە ناوچەی سەربازی قەدەغەکراو راگەیەندراون".
لە کۆتاییدا، ئەڤیخای ئێدرئی ئەوەی خستووەتەڕوو کە ھەرچەندە ھیچ زانیاری و رێنماییەک لە بارەی ئۆپەراسیۆنەکە نەدراوەتە دانیشتوانی باکوور، بەڵام کاربەدەستانی خۆجێی لە ئۆپەراسیۆنەکە، ئاگادارکراونەتەوە.