Muhammet Nazım Taşcı
27 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 27 حوزەیران 2023
ئیسلام ئاباد - AA
سوپای پاکستان بڵاویکردەوە کە ژمارەی ئەو کەسە مەدەنیانەی لەو خۆپیشاندانانەی لە پاش نۆی ئایار و دوای دەستبەسەرکردنی سەرۆکوەزیرانی پێشوو، عیمران خان دەستیان پێکردووە و بە تۆمەتی هێرش کردنە سەر دامەزراوەکانی سەربە سوپا لە دادگا سەربازییەکاندا دادگایی کراون ١٠٢ کەسن.
بەپێی ئەو هەواڵانەی لە راگەیاندنی نیشتمانیی ولاتەکەدا بڵاوکراونەتەوە، گوتەبێژی یەکەی پەیوەندییەکانی سوپای پاکستان لەگەڵ گەل، لیوا ئەحمەد شەریف، لە رەواڵپەندی بۆ رۆژنامەنووسان دوواوە و زانیاریی داوە سەبارەت بەو لێکۆڵینەوەیەی سوپا پەیوەست بە رووداوەکانی نۆی ئایار ئەنجامی داوە.
شەریف باسی لەوە کردووە کە سێ ئەفسەری پلە باڵا کە یەکێکیان پلەکەی فەریق روکنە، بەهۆی ئەوەی لاوازی ئەمنییان هەبووە لە میانی هێرشکردنە سەر دامەزراوە سەربازییەکان لە کار دوورخراونەتەوە و، لێکۆڵینەوەی کارگێڕیش سەبارەت بە ١٥ ئەفسەری دیکە دەستیپێکردووە، کە سیانیان فەریق روکنن و حەوتیان فەرماندەی لیوان.
هەروەها شەریف باسی لەوە کرد کە کەسوکاری جەنەراڵە خانەنشینکراوەکان لەسەر رووداوەکانی نۆی ئایار دەستگیرکراون و، ژمارەی ئەو کەسانەی بە تۆمەتی هێرش کردنە سەر دامەزراوەکانی سەربە سوپا لە دادگا سەربازییەکاندا دادگایی کراون ١٠٢ کەسن.
لیوا ئەحمەد شەریف ئەوەشی خستەڕوو کە رووداوەکانی نۆی ئایار پێشتر پلانیان بۆ دانراوە و خەڵکی بەکارهێنراوە.
- دەستبەسەرکردنی خان و خۆپیشاندانەکان
دوای ئەوەی لە نۆی ئایاردا سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان خان بەتۆمەتی گەندەڵی دەستبەسەرکرا، خۆپیشاندان دەستیپێکرد و بەهۆیەوە لانی کەم ١٠ کەس گیانیان لەدەستدا.
لە خۆپیشاندانەکاندا ژمارەیەکی زۆر لە دامەزراوە تایبەت و گشتییەکان زیانیان بەرکەوت و ئاگر لە ئۆتۆمبێلی پۆلیس بەردرا.
لە خۆپیشاندانەکانی رەواڵپەندیدا، هێرشکرایە سەر دامەزراوە سەربازییەکان بەتایبەتی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا.
دادگای دەستووری پاکستان، لە ١١ی ئایاردا بڕیاریدا بەوەی دەستبەسەرکردنی خان نایاساییە و پێویستە بەزووی ئازاد بکرێت، لەبەرئەوە خان لە ١٢ی ئایاردا بە کەفالەت ئازاد کرا.