Mazın Asad
07 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 09 شوبات 2016
بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان، کۆبوونەوەی چوار قۆڵی لە ئیسلام ئاباد بەڕێوە چوو و لایەنەکان لەسەر دیاریکردنی نەخشەریگایەک بۆ دانوستانەکانی ئاشتی رێککەوتن.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پێویستە تاڵیبان راستەوخۆ بەشداری لە کۆبوونەوەکان بکات و داواش کراوە کۆبوونەوەکان راستەوخۆی نێوان ھەردوو حکوومەتی ئەفغانستان و تاڵیبان لە کۆتایی ئەم مانگە دەست پێ بکات.
کۆبوونەوەی چوارەمی چوار قۆڵییەکە لە ٢٣ی ئەم مانگە لە کابول بەڕێوە دەچێت.
لە کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو ھەریەک لە پاکستان، ئەفغانستان، ئەمریکا و چین بەمەبەستی دەستپێکردنی دانوستانەکانی ئاشتی لەسەر پێکھێنانی میکانیزمێکی ھاوبەش رێککەوتبوون.
دواکۆبوونەوەی نێوان چوار وڵاتەکە لە ١٨ی مانگی رابردوو لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان بەڕێوە چووبوو. دوای کۆبوونەوەکە تاڵیبان لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند لە پێناو دەستپێکردنی کۆبوونەوە راستەوخۆکان پێویستە زیندانیانی سیاسی ئازاد بکرێت و رێکخراوەکەیان لە لیستی تیرۆری نەتەوە یەکگرتووەکان دەربھێنرێت.
جێگەی باسە خولی یەکەمی دانوستانەکانی نێوان حکوومەتی ئەفغانستان و تاڵیبان ساڵی رابردوو لە شاری موری لە پاکستان بەڕێوە چوو. دوای مردنی سەرکردەی تاڵیبان، مەلا عومەر خولی دووەمی دانوستانەکان دواخرابوو کە وا بڕیار بوو لە ٣١ تەمووزی ساڵی رابردوو ئەنجام بدرێت.