Muhammed Emin Canik,Muhammet Ali Kemal
24 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2019
کاراکاس - AA
وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ڤێنیزوێلا، ڤلادیمیر پادرینۆ ئاشکرایکرد سوپای وڵاتەکەی ئەوە قبوڵ ناکات سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی، خوان گوایدۆ سوێندی خواردووە و خۆی وەک "سەرۆکی کاتیی وڵات" راگەیاندووە.
ڤلادیمیر پادرینۆ لە روونکردنەوەیەکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، جەختی لەوەکردەوە سوپای ڤێنیزوێلا پشتیوانیی لە بڕیاری خوان گوایدۆ کە خۆی وەک "سەرۆکی کاتیی وڵات" راگەیاندووە، ناکات.
لە روونکردنەوەکەی پادرینۆدا هاتووە:
"بێ ئومێدیی و رەگەزپەرستیی کوێرانە پەلاماری ئاشتی نیشتمانیی دەدات. وەک سەربازانی وڵات، نە ئەوە پەسەند دەکەین کە سەرۆکایەتی وڵات بەبێ پشتبەستن بە دەستوور راگەیەندراوە و نە سەرۆکێکیش کە لە سێبەری بەرژەوەندییە تاریکەکاندا جێگیرکراوە. سوپای ڤێنیزوێلا پارێزگاریی لە دەستوور دەکات و کەفیلی سەروەریی نیشتمانییە".
لەو خۆپیشاندانانەدا کە لە کاراکاسی پایتەخت لە لایەن نەیارانی حکوومەتەوە ئەنجامدران. سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی ئەو وڵاتە، خوان گوایدۆ خۆی وەک سەرۆکی کاتیی وڵات راگەیاند و سوێندی سەرۆکایەتیی خوارد. ئیدارەی ئەمریکاش بەر لەماوەیەکی کەم، ئاشکرایکرد کە دانیان ناوە بە سەرۆکایەتیی کاتیی ڤێنیزوێلا لە لایەن خوان گوایدۆوە.