Sarmand Hameed
04 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 06 شوبات 2018
قاهیرە - AA
سەرکۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە سوڵتانشینی عومان.
ئەم سەردانەی سیسی بە یەکەم سەردانی سیسی دادەنرێت بۆ سوڵتانشینی عومان لەوەتە بوونی بە سەرکۆماری میسر لە حوزەیرانی ٢٠١٤.
لە میانی سەردانەکەیدا عەبدولفەتاح سیسی لەگەڵ سوڵتانی سوڵتانشینی عومان، قابوس بن سەعید کۆبووەوە.
بەپێی بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی کۆماری میسر، سیسی و قابوس تاوتوێی ژمارەیەک لە پرسەکانی هەرێمیی و نێودەوڵەتیان کردووە کە جێگەی بایەخی هاوبەشی هەردوو وڵاتن.
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا رێککەوتوون لەسەر گرنگی هەوڵەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەپێناو گەیشتن بە یەکلایی کردنەوە و چارسەری سیاسیی بۆ ئەو قەیرانانەی کە چەند ناوچەیەک پێیدا تێپەڕدەبن، بە تایبەتی یەمەن.
بەپێی بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی کۆماری میسر، سیسی گوێی لە بۆچوونەکانی قابوس گرتووە لەبارەی قەیرانی یەمەن و هەوڵی کرداری بۆ چارسەرکردنی ئەو قەیرانە بەشێوەیەک کە کۆتایی بهێنێت بە نەهامەتییەکانی رۆژانەی گەڵی یەمەن.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا تاوتویی چەند پرسێکی دیکە کراوە لەوانە پرسی سووریا و لوبنان و عێراق و هەردوولا جەختیان لە گرنگی پاراستنی ئەو وڵاتانە و دامەزراوەکانیان کردووەتەوە.
لەسەر ئاستی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانیشدا سەرکۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی و سوڵتانی سوڵتانشینی عومان، قابوس بن سەعید رێککەوتوون لەسەر گرنگی کارکردن بۆ هەماهەنگی لەنێوان هەردوو وڵات بەتایبەت لە بواری ئابووری و بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەچوارچێوەی لیژنەی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات کە بڕیارە کۆبوونەوەی داهاتوویان لە مەسقەت پایتەختی عومان ئەنجام بدەن بەبێ ئەوەی کاتی کۆبوونەوەکە دیاریکرابێت.
بەپێی ئاماری وەزارەتی بارزگانی و پیشەسازی میسر، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان میسر و سوڵتانشینی عومان لە ساڵی ٢٠١٧ گەیشتووەتە، ٣٠٠ ملیۆن دۆلار، هاوکات سوڵتانشینی عومان بەبڕی ٧٧ ملیۆن دۆلار وەربەهێنانی لە میسر ئەنجام داوە.