Hemin Hüseyin
25 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 25 تشرینی یەکەم 2016
هەولێر- AA
ئێوارەی رۆژی دووشەممە سەرۆكوەزیرانی سوید، ستێفان لۆڤین و شاندێكی یاوەری لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی و جێگری سەرۆكوەزیران، قوباد تاڵەبانی و ژمارەیەک لە وەزیرەکانی حکوومەتی هەرێم، پێشوازی لێکرا.
بەپێی هەواڵێک کە لە ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، بڕیارە لەو سەردانەیدا سەرۆكوەزیرانی سوید و شاندی یاوەری لەگەڵ هەریەك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستاندا كۆببێتەوە و چەندین بابەتی پەیوەندیدار بە هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان لە رووی سەربازیی و مرۆییەوە و دوا پێشهاتەكانی شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و چەند بابەتێكی دیكە، گفتوگۆ بكات.
هەر لە سەرەتای هێرش و مەترسییەكانی تیرۆرستانی داعشەوە بۆ سەر هەرێمی كوردستان، وڵاتی سوید لە ڕووی مەشق و ڕاهێنانی سەربازی و هاوكاریكردنی ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆرەوە، یارمەتیی هەرێمی كوردستانی داوە و لە هاوكاریەكانیشی بەردەوامە.