Mücahit Aydemir,Aoezan Khoshnaw Najmuldeen
16 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 16 ئادار 2023
قودس - AA
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو پڕۆژەیاسایەکی سەرۆکی ئەو وڵاتە ئیسحاق هێرتزۆگ-ی رەتکردەوە کە تایبەت بوو بە تێپەڕاندنی قەیرانی "چاکسازی دادوەریی".
ناتانیاهو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بابەتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا روونکردنەوەی لە بارەی پڕۆژەیاساکەی ئیسحاق هێرتزۆگ "پڕۆژەیاسای گەل" خستەڕوو.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئاماژەی بەوەداوە کە پڕۆژەیاساکەی ئیسحاق هێرتزۆگ "درێژەپێدەری رەوشەکەی ئێستا"یە و خاوەندارێتی لە پڕۆژەیاساکەی حکوومەتی هاوپەیمانی نەکردووە، گوتیشی: "بەداخەوە ئەو شتانەی سەرکۆمار پێشنیازی کردبوون لەلایەن نوێنەرانی هاوپەیمانێتییەکەوە پەسەند نەکران. بەشە سەرەکییەکانی پێشنیازەکە تەنها خزمەت بە بەردەوامیدان بە رەوشی ئێستا دەدەن و ئەو هاوسەنگییە ناهێننە ئارا کە ئۆرگانەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل پێویستی پێیانە".
سەرۆکی ئیسرائیل، ئیسحاق هێرتزۆگ بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە سیاسییەی حکوومەتەکەی ناتانیاهو بە سنووردارکردنی دەسەڵاتی دادوەریی دروستی کردبوو، پڕۆژەیاسایەکی بە ناوی "پڕۆژەیاسای گەل" پێشکەش کردبوو.
پڕۆژەیاساکە بەپێچەوانەی ئامانجی چاکسازییە دادوەرییەکانی حکوومەت، چەند بەندێکی دژبە حکوومەتەکەی ناتانیاهوی تیادابوو وەک ئەوەی کە پێشنیاز دەکات زۆرینەی کورسییەکانی کۆمیتەی دیاری کردنی دادوەران نەدرێت ئەو هاوپەیمانێتییەی حکوومەتی ئیسرائیلی لێپێکهاتووە و ئەو یاسایانەی لە پەرلەمان دەردەکرێن لە بری ئەوەی بە دەنگی ٦١ پەرلەمانتار لە کۆی ١٢٠ پەرلەمانتار پەسەند بکرێن، بە دەنگی ٨٠ پەرلەمانتار پەسەند بکرێن.
- مشتومڕەکان لەسەر "چاکسازی دادوەریی"
دژبە "چاکسازی دادوەریی" حکوومەتەکەی ناتانیاهو کە دەسەڵاتی دادوەریی سنووردار دەکات، زیاتر لە ١٠ هەفتەیە خۆپیشاندان لە ئیسرائیل بەڕێوەدەچێت.
حکوومەت، هەنگاو بە هەنگاو بەرەوپێش دەچێت بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساکە لە پەرلەمان. دەیان هەزار هاووڵاتی ئیسرائیلیش ئەم کارە بە "دەستوەردان لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی" وەسف دەکەن و خۆپیشاندانی لەدژ ئەنجامدەدەن.
پێشتریش وەزیری دادی ئیسرائیل، یاریڤ لێڤین لە پێنجی کانوونی دووەمدا ئەوەی ئاشکرا کردبوو کە پلانیان بۆ "چاکسازییەکی دادوەریی" داناوە کە دەسەڵاتەکانی دادگای باڵا سنووردار دەکات و کاریگەرییەکانی دەسەڵاتی دادوەریی لە هەڵبژاردنی دادوەراندا کەم دەکاتەوە.
هەوڵەکانی حکوومەتی هاوپەیمانی ئیسرائیل کە ناتانیاهو سەرۆکایەتی دەکات، بۆ گواستنەوەی بەشێک لە دەسەڵاتەکانی دەسەڵاتی دادوەریی بۆ پەرلەمان، بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی لە نێوان حکوومەت و دەسەڵاتی دادوەریی ئیسرائیل.
دادگای باڵای ئیسرائیل کە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە، دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە بە پاساوی دژایەتیکردنی دەستوور ئەو یاسایانە رەتبکاتەوە کە لە پەرلەمانەوە دەردەچن.
حکوومەتەکەی ناتانیاهو، لەو چاکسازییە دادوەرییەی خستوویەتییەڕوو، پێشنیاز دەکات دەسەڵاتی رەتکردنەوەی ئەو یاسایانەی لە پەرلەمان دەردەچن لە دادگای باڵا بسەندرێتەوە.
ئەم چاکسازییەش بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتەکانی دەسەڵاتی دادوەریی سنووردار دەکات و دەسەڵاتی زیاتر دەخاتە بەردەست حکوومەتی ئیسرائیل، لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە.