Zana Natık Kerem
20 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 21 کانوونی یەکەم 2020
قودس ــ AA
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە کە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاھو و وەزیری تەندروستیی، یولی ئیدلشتاین ڤاکسینی دژەکۆرۆنا (COVID-19)یان وەرگرتووە.
لەمبارەیەوە رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرەنۆت بڵاویکردەوە کە بێنیامین ناتانیاھو و یولی ئیدلشتاین یەکەم و دووەم کەس بوون کە لە ئیسرائیل ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنایان وەرگرتووە.
رۆژنامەی ناوبراو ئاماژەی بەوەیشداوە کە بێنیامین ناتانیاھو و یولی ئیدلشتاین لە نەخۆشخانەی "تەل ھشومێر" لە شاری تەل ئەبیب ناوەڕاستی ئیسرائیل ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاھو دوای وەرگرتنی ڤاکسینەکە داوای لە ئیسرائیلییەکان کرد کە ڤاکسینی دژەکۆرۆنا وەربگرن بۆئەوەی بتوانن دەست بە ئاساییکردنەوەی ژیان بکەنەوە و گوتی:
"دەتوانیین بە وەرگرتنی ئەم ڤاکسینە، رەوشی ژیان لە وڵاتەکەماندا ئاسایی بکەینەوە".
پێشتر رۆژنامەی جیرۆزلیم پۆست-ی ئیسرائیلی بڵاویکردبوویەوە کە پڕۆسەی وەرگرتنی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا لە ٢٨ی ئەم مانگە لە ئیسرائیل دەست پێ دەکات.
ئاماژەی بەوەشدابوو کە حکوومەتی ئیسرائیل، ٦٠٠ ھەزار ژەم ڤاکسینی دژەکۆرۆنای لە کۆمپانیای "فایزەر" کڕیوە.