İbrahim Khazen
04 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 04 کانوونی یەکەم 2022
مەنامە – AA
سەرۆکی ئیسرائیل، ئیسحاق هێرزۆگ لە یەکەم ویستگەی گەشتەکەی بۆ کەنداو کە ئیمارات-یش دەگرێتەوە، گەیشتە مەنامە پایتەختی بەحرێن.
ئەمە یەکەمجارە، سەرۆکێکی ئیسرائیل سەردانی بەحرێن بکات.
باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە بەحرێن لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیوویەتی "سەرۆکی ئیسرائیل، ئیسحاق هێرزۆگ گەیشتووەتە بەحرێن".
باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە بەحرێن دوو وێنەی ئیسحاق هێرزۆگ لەکاتی گەیشتنی بۆ فڕۆکەخانەی مەنامە و پێشوازییکردن لێی بڵاوکردووەتەوە، بێ ئەوەی زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە بخاتەڕوو.
لە ١٧ی تشرینی دووەمدا، دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاوی کردبوویەوە کە لە چواری مانگی کانوونی یەکەمدا، ئیسحاق هێرزۆگ سەردانی مەنامە دەکات و لە میانیدا لەگەڵ شای ئەو وڵاتە، حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە و گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە، هەروەها دیداری لەگەڵ رەوەندی جوولەکە لە بەحرێن دەبێت.
دەستەکە راشیگەیاندبوو کە سەرۆکی ئیسرائیل، ئیسحاق هێرزۆگ دوای سەردانەکەی بۆ بەحرێن، سەردانی ئیمارات دەکات و لە میانیدا لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە، محەمەد بن زاید ئال نهەیان کۆدەبێتەوە.
لە ٣٠ی کانوونی دووەمدا، ئیسحاق هێرزۆگ سەردانی ئیماراتی کردبوو.
لە مانگی شوباتدا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، نافتالی بێنێت یەکەم سەردانی فەرمی بۆ بەحرێن ئەنجام دا.
پێشتریش سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، یائیر لاپید کاتێک وەزیری دەرەوە بوو لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، بێنی گانتز سەردانی بەحرێن-یان کردبوو.
لە ئەیلوولی ٢٠٢٠دا، بەحرێن و ئیمارات بە نێوەندگیریی ئەمریکا، دوو رێککەوتننامەیان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل واژوو کرد.
هەروەها لە میانی ساڵی ٢٠٢٠دا، هەریەک لە مەغریب و سوودان دوو رێککەتننامەیان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل واژوو کرد، بەوەیش هەر چوار وڵاتە عەرەبییەکە، چوونە پاڵ میسر و ئوردن کە ئەوانیش لە ساڵانی ١٩٧٩ و ١٩٩٤، دوو رێککەوتننامەی ئاشتییان لەگەڵ ئیسرائیل واژوو کردووە.