Zana Natık Kerem
13 شوبات 2019•نوێکردنەوە: 15 شوبات 2019
قودس ــ AA
کەناڵی سێزدەی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە "تامیر پاردۆ کە لە ساڵی ٢٠١١وە تا ٢٠١٦ سەرۆکی دەزگای ھەواڵگری ئیسرائیل (موساد) بوو لە ساڵی ٢٠١٤دا، بەنھێنی سەردانی سعوودیەی کردووە.
کەناڵەکە لە ژمارەیەک دیپلۆماتکاری رۆژئاوایی گواستووەتەوە کە لە کۆتایی ٢٠١٣دا دوای واژووکردنی رێککەوتنی ئەتۆمیی لە نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەکدا، پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعوودیە بەجۆرێک کرانەوەیەکی گەورە و بەرچاوی بەخۆیهوه بینی، ھەر دوای چەند ھەفتەیەک لە واژووکردنی رێککەوتنەکە بە دیاریکراوی لە سەرەتای ٢٠١٤دا، سەرۆکی ئەو کاتی موساد، تامیر پاردۆ بەنھێنی سەردانی ریاز-ی کردووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو بەرپرسە سعوودییانەی کە نیگەران بوون لە نزیکبوونەوەی نێوان ئەمریکا و ئێران، پێیانوابوو کە ئیسرائیل تاکە پاڵپشتیکارییەکی بەھێزە دژبە ئێران، بۆیە سعوودیە بۆ یەکەمجار رەزامەندیی نیشاندابوو کە پێشوازی لە گەورە بەرپرسێکی ئیسرائیلی بکات.
ئەوەشی ئاشکراکردووە، دوای پەلاماری ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە لە ھاوینی ٢٠١٤دا، سعوودیە دەستپێشخەرییەکی سەبارەت بە دانوستانەکانی ئاشتی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل، دووبارە بنیادنانەوەی کەرتی غەززە و بەرەنگاربوونەوەی ھەژموونی ئێران پێشکەش بە ئیسرائیل کردبوو، بەڵام لە لایەن سەرۆکوەزیران، بێنیامین ناتانیاھووە رەتکرابوویەوە.
کەناڵەکە زانیاری زیاتری لەوبارەوە خستووەتەڕوو و بڵاویکردووەتەوە کە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاھو بۆ تاوتوێکردن و ھەڵسەنگاندنی دەستپێشخەرییەکە لە مانگی ئایلوولی ٢٠١٤دا لەگەڵ بەندەر بن سوڵتان کە ئەو کات سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی و نێردەی شای سعوودیە، عەبدوڵڵا بن عەبدولعەزیز بوو، کۆبووەوە.
ئەوەش خراوەتەوەڕوو کە لە کۆبوونەوەکەدا، بێنیامین ناتانیاھو رەزامەندیی نیشاندابوو لەسەر دەستپێشخەرییەکە و لەگەڵ بەندەر بن سوڵتان رێککەوتبوو کە ئەو دەستپێشخەرییە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سعوودیە لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا، رابگەیەنن.
کەناڵی سێزدەی ئیسرائیلی ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە کە دواتر نوێنەرانی بێنیامین ناتانیاھو لە کۆبوونەوەیەکدا لەبەرامبەر دەستپێشخەرییەکەدا، رەشنووسی ئیسرائیلی پێشکەش بە دوو یاریدەدەری بەندەر بن سوڵتان دەکەن کە دواتر لایەنی سعوودی بە شێوەیەکی بەرایی رەزامەندیی لەسەر نیشان دەدات.
کەناڵەکە باسی لەوەشکردووە کە دواتر دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و سعوودیە لەوبارەیەوە شکست دەھێنێت، بە ھۆی ئەوەی بێنیامین ناتانیاھو پێداگیری دەکات کە سعوودیە بەھەموو بەندەکانی نێو رەشنووسەکەی ئیسرائیل، پابەند بێت.
کەناڵی سێزدەی ئیسرائیلی بەندەکانی نێو رەشنووسەکەی ئیسرائیلی ئاشکرانەکردووە و ئەوەی خستووەتەڕوو کە دوای ئەو پێداگیرییەی بێنیامین ناتانیاھو، بەرپرسانی سعوودیە ھەستیان بە شەرمەزاری و توڕەبوون کردووە، ھەر دوای شکستھێنانی دانوستانەکان، بەندەر بن سوڵتان ناتانیاھوی بەوە ناوەزد کردووە کە کەسێکی درۆزنە.
کەناڵی سێزدەی ئیسرائیلی ئەوەشی ئاشکراکردووە کە ھەر بە ھۆی ئەو ھەڵوێستەی ناتانیاھووە، پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعوودیە بۆ ماوەی ساڵێک ھەڵپەسێردرابوون و دواتر ھەر لەگەڵ کۆچی دوایی شای سعوودیە، عەبدوڵڵا بن عەبدولعەزیز لە ساڵی ٢٠١٥دا و وەرگرتنی دەسەڵات لە لایەن شا سەلمان بن عەبدولعەزیز، پەیوەندییەکان ئاساییبوونەوە.
تا ئێستا ھیچ روونکردنەوەیەک بە فەرمی لە لایەن ئیسرائیل و سعوودیە لەوبارەیەوە بڵاونەکراوەتەوە.