Rewa Mahmut Hasan
27 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 28 شوبات 2017
کوالا لامپور- AA
لەمیانی گەشتەکەیدا بۆ ژمارەیەک وڵاتی ناوچەیی و جیهانی شای سعوودیە، شا سەلمان بن عەبدولعەزیز ئال سعوود گەیشتە مالیزیا.
ئاژانسی هەواڵی بەرناما بڵاوی کردۆتەوە لەمیانی گەشتە چوار رۆژیەکەیدا بۆ چەند وڵاتێک، شا سەلمان لەسەر بانگهێشتی شای مالیزیا، محەمەد گەیشتۆتە مالیزیا.
شا سەلمان لەو سەردانەیدا وەفدێکی ٦٠٠ کەسی یاوەریی دەکەن و ئەمە یەکەمین سەردانی شای سعوودیە بۆ ئەو وڵاتە دوای ١٠ ساڵ.
وەفدی هەردوولا لەسەر خۆراکی حەلال و کۆمپانیاکانی نەوتی نێودەوڵەتی و پەروەردە و زانست و سەرچاوە مرۆییەکان کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن و بڕیاریشە چەند رێککەوتنێک واژوو بکەن.
سعوودیە دووەم گەورەترین هاوکاری بازرگانی مالیزیایە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەنددا.
قەبارەی بازرگانی هەردوو وڵات ساڵی رابردوو لەسەدا، ١٢،٤ زیادی کردبوو لەچاو ساڵی پێشووتردا و گەیشتبوویە ٣ ملیار دۆلار.
لەم نێوەندەدا مالیزیا داوا دەکات بازنەی حەجی وڵاتەکەی لەچاو ساڵی رابردوودا زیاتر بکات لە ٢٢ هەزارو ٢٣٠ەوە بۆ ٢٧ هەزار و ٩٠٠ کەس.
شا فەیسەڵ بن سعوود لە ١٩٧٠دا یەکەم شای سعوودیە بوو کە سەردانی بۆ مالیزیا ئەنجام دابوو.