بەغدا
بەڕێوەبەری دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراقی کاپتن ناسر ئەلبەندەر لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەو ھەواڵانەی رەت کردەوە کە باس لە بوونی بڕیارێکی دەسەڵاتدارانی عێراق دەکەن بۆ داخستنی ئاسمانی ھەرێمی کوردستانی عێراق بەڕووی فڕۆکە تورکیەکان بەتایبەت ئەو فڕۆکانەی بەرپرسانی تورکیان ھەڵگرتوە.
ئەو بەرپرسە گوتی: یەکەم ئێمە ھەرێمێکی ئاسمانیی ھەرێمی کوردستان یان ھەرێمی عێراقمان نییە، ھەرێمی عێراق بەگشتی یەک ئاسمانە و شتێکی تایبەتمان نییە بۆ کەسێک، ئەو فڕۆکانەی دێنە نێو سنوری ئاسمانی عێراق چ لە تورکیاوە بێ یان لە باقیی دەوڵەتانیترەوە، لە باکور تا باشورەوە دێنە نێو ئاسمانی عێراق، ھیچ بڕیارێک نییە بۆ داخستنی کایەی ئاسمانیی عێراق لەبەردەم فڕۆکە تورکیەکاندا چ تایبەت یان سەر بە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی بن، ھەروەھا رەزامەندیمان ھەیە بۆ پێشوازیکردنی فڕۆکەیەکی تایبەت بە وەزیری وزەی تورکیا تانیر یڵدز کە سبەی سەردانی عێراق دەکا.
لای خۆیەوە گوتەبێژی وەزارەتی گەیاندنی عێراق کەریم نوری راستیی ئەو ھەواڵانەی رەت کردەوە و گوتی، فڕۆکەیەکی تورکی ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەغداوە فڕی، فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق ھیچ بڕیارێکی بۆ داخستنی ئاسمان لەبەردەم فڕۆکە تورکیەکان دەرنەکردوە، فڕۆکە تورکیەکان زۆرترین جوڵەیان لە ئاسمانی عێراقدا ھەیە، تا ئەم ساتەیش جموجوڵ بە ئاسمانی عێراقدا بەردەوامە و فڕۆکە تورکی و عێراقیەکان لەڕێی ئاسمانی تورکیاوە لە جوڵەیەکی بەردەوامدان، ھیچ بڕیار یان ئاگادارکردنەوەیەک بۆ داخستنی کایەی ئاسمانیی عێراق لەبەردەم فڕۆکەوانیی تورکی لەئارادا نییە.
ئەمڕۆ ھەندێ میدیا ئاماژەیان بەوەدا دەسەڵاتدارانی عێراقی کایەی ئاسمانیی عێراقیان لەسەر ھەرێمی کوردستان لەبەردەم جوڵەی فڕۆکە تورکییە تایبەتەکانی سەر بە بەرپرسانی تورک داخستوە و بڕیاریان داوە، دەبێ سەرەتا لە بەغدا بنیشنەوە و ئەنجا ئەگەر ویستیان سەردانی ھەرێم بکەن لەوێوە بچنە ھەولێر.