Zana Natık Kerem
25 ئاب 2026•نوێکردنەوە: 25 ئاب 2026
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، فایەق زێدان بۆ تاوتوێکردنی پرسی ھاریکاریی نێوان ھەردوو وڵات لە بوارەکانی دادوەری و یاساییدا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تاران پایتەختی ئێران.
ئاژانسی ھەواڵی فەرمی عێراق "INA" بڵاوی کردەوە کە ئەمڕۆ سێشەممە، فایەق زێدان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتووەتە تاران.
ئاژانسەکە باسی لەوەش کردووە، سەردانەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بۆ تاران تەنھا یەک رۆژ دەخایەنێت و لەسەر بانگھێشتی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، غولامحسێن موحسینی ئێژەیی بووە.
ئاژانسی ھەواڵی فەرمیی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە کە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، فایەق زێدان لە سەردانەکەی بۆ تاران، پتەوکردنی پەیوەندییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و ئێران، ھەروەھا ژمارەیەک دۆسیە و پرسی دادوەریی و یاساییە لە نێوان ھەردوو وڵات لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران تاوتوێ دەکات.
ئەمە لە کاتێکدایە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، محەممەد باقر قالیباف سەردانی بەغدای کرد لە میانیدا لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، فایەق زێدان کۆبووەوە.