Heman Hussein Yaseen
06 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 06 کانوونی یەکەم 2021
ههولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازیی لە باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق، ئێریک شۆڤالیێ کرد.
بەپێی ھەواڵێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە دیدارەکەدا کە کۆنسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە ھەرێمی کوردستان، ئۆلیڤیێ دیکۆتینێ ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی گشتیی و پرۆسەی سیاسیی عێراق دوای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ھێرش و پەلامارەکانی تیرۆریستانی داعش، بۆسەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم کراوە.
ئەوەیشخراوتەڕوو کە مەسرور بارزانی، ئاماژەی بە گرنگیی برەودان بە ھەماھەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کردووە بۆ کۆتاییھێنان بە ھێرشەکانی تیرۆریستانی داعش بۆسەر دانیشتوانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم کە بەشێکە لە ھەڕەشە بەردەوامەکان بۆسەر خەڵکی ئەو ناوچانە، بە ئامانجی چۆلکردنیان و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە.
لە بەشێکی دیکەی ھەواڵەکەدا، ئاماژە بەوەیشکراوە کە باڵیۆزی فەڕەنسا، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ ھێزی پێشمەرگە دووپاتکردووەتەوە لە شەڕی دژبە داعش و گەڕاندنەوەی سەقامگیریی بۆ ئەو ناوچانەی رووبەڕووی ھەڕەشەی تیرۆریستان بوونەتەوە.
ھاوکات بەپێی بەشێکی ھەواڵەکەدا، بارودۆخی کۆچبەرانی سنووری بیلارووسیا و پۆڵەندا تاوتوێکراوە و باڵیۆزی فەڕەنسا، سوپاسی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی کردووە بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست لە پێناو رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی، ھەروەھا کارئاسانیکردن بۆ ئەو کۆچبەرانەی بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە، گەڕاونەتەوە ھەرێمی کوردستان.