Zana Natık Kerem
27 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 28 ئادار 2018
قاهیرە ـ AA
باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە قاهیرە رایگەیاند كە لە ئێستادا لیبیا زیاتر لە هەر كاتێك پێویستی بە سوپایەكی گشتگیر و یەكگرتوو هەیە.
ماوەی مانگێكە فەرماندە سەربازییەكان كە نوێنەرایەتی سەرجەم ناوچەكانی لیبیا دەكەن، گفتوگۆ لە قاهیرە ساز دەكەن.
باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە قاهیرە روونكردنەوەیەكی بڵاوكردووەتەوە و تیایدا رایگەیاندووە "گفتوگۆكانی قاهیرە تەواوكەری ئەو نێوەندگیرییەیە كە نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە لیبیا، غەسان سەلام، لە پێناو ئاشتەوایی لە لیبیا ئەنجام دەدات و ئێمەش پشتیوانی لێ دەكەین".
لە روونكردنەوەكەدا ئاماژە بەوەدراوە كە لە ئێستادا لیبیا زیاتر لە هەر كاتێك پێویستی بە سوپایەكی گشتگیر و یەكگرتوو هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت بەرەنگاری تیرۆر ببێتەوە و سنووری ئەو وڵاتەش بپارێزیت.
باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە قاهیرە خۆشحاڵی خۆی بە گفتوگۆكانی قاهیرە نیشانداوە كە بە ئامانجی دووبارە یەكخستنەوەی هێزە چەكدارەكانی لیبیا ساز دەكرێت.
رۆژی سێشەممەی رابردوو میسر رایگەیاندبوو كە شەشەم كۆبوونەوەی بە ئامانجی یەكخستنەوەی دامەزراوە سەربازییەكانی لیبیا لە قاهیرە دەستی پێكردووە.
بە پێی بەیاننامەیەك كە پێشتر لەسەر دەرەنجامی گفتوگۆكانی قاهیر بڵاوكرابوویەوە، ئەفسەرانی لیبیا لەسەر ئەوە رێككەوتوون کە دامەزراوە سەربازییەكان لە ناكۆكییەكان دووربخەنەوە بۆ ئەوەی كاریگەری خراپ بۆ سەر رۆڵی نیشتمانی سوپای وڵاتەكەیان دروست نەكات.